لە سلێمانی پەردە لەسەر پەیکەری حەسەن زیرەک لادرا

ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو لە شاری سلێمانی پەردە لەسەر پەیکەری هونەرمەندی کۆچکردووی دیاری کورد حەسەن زیرەک لادرا کە پەیکەرەکەی لە ماڵی سۆفی کەریم دانراوە. 

ئێوارەی ڕۆژی ٢١ی ئەم مانگە لە ماڵی کەلەپوری سۆفی کەریم لە شاری سلێمانی و لە مەراسیمێکدا پەردە لەسەر پەیکەری هونەرمەندی بەناوبانگ حەسەن زیرەک لادرا. 

پەیکەرەکە کاری هونەری پەیکەرساز چێنەر نزارە و بە هاڕاوەی بەرد لەسەر ئەرک و پشتیوانی دکتۆر تەها ڕەسوڵ و دامەزراوەی کەریمی عەلەکە دروستکراوە. 

هەروەها لە مەڕاسیمەکەدا چەند گۆرانییەکی حەسەن زیرەک بە دەنگی هونەرمەند ئیحسان زیرەک پێشکەشکرا و خەڵاتی ڕێزلێنانیش بەخشرایە ژمارەیەک هونەرمەند و کەسایەتی دیار. 

حەسەن زیرەک ٢٩ی تشرینی دووەمی ١٩٢١ لە بۆکان لە دایکبووە، ھونەرمەند، مۆسیقازان و گۆرانیبێژێکی کورد بوو، بە یەکێک لە بەناوبانگترین ھونەرمەندانی کورد ھەژمار دەکرێت، بەرچاوترین کاری ئەو کۆکردنەوەی گەنجینەیەک لە ھونەری ئاواز و گۆرانی کوردییە کە بە دەنگی ئەو وتراونەتەوە، حەسەن زیرەک بەھۆی گۆرانییەکانی لە ناو کوردەکانی ڕۆژھەڵات و باشوور ناسراوە، لە ساڵی ١٩٧٢ لە شاری بۆکان کۆچی دوایی کرد و ھەر لەوێش بە خاک سپێردرا. 



PM:06:46:23/01/2025