دواهەمین هەناری دونیای بەختیار عەلی بە زمانی رووسی بڵاودەکرێتەوە

نوسەر و ڕۆشنبیری دیاری کورد بەختیار عەلی، ڕۆمانێکی بە ناوی (دواهەمین هەناری دونیا) بە زمانی ڕووسی بڵاودەکاتەوە. 

دوێنێ دووشەممە بەختیار عەلی نوسەری کورد لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاند" لە ڕۆژانی ڕابردوردا، گرێبەستێکمان لەگەڵ نەشری پۆلیاندریا"ی رووسی لە پێترسبورگ بۆ بڵاوکردنەوەی ڕۆمانی دواهەمین هەناری دونیا واژووکرد". 

بەوتەی بەختیار عەلی ئەو رۆمانە پێشتر بۆ سەر حەوت زمان لەوانە (عەرەبی، فارسی، توركی، ئینگلیزی، ئەڵمانی، ئیتالی، فەرەنسی) وەرگێڕدراوە، زمانی رووسیش هەشتەمین زمانی جیهانی دەبێت کە ڕۆمانەکەی بۆ وەردەگێڕدرێت.

لە ڕۆژی ٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ بەختیار عەلی خەڵاتی (هێڵدا دۆمین)ی پێبەخشرا کە دووەمین خەڵاتی گەورەیە دەدرێت بە نووسەر و شاعیران لە جیهاندا.

هەروەها ساڵی ڕابردوو رۆمانی (دواهەمین هەناری دونیا) بەختیار عەلی یەکێک بوو لە ١٠٠ باشتریین کتێبەکانی سەدەی ٢١. 

بەختیار عەلی ڕۆماننوس و شاعیر و ڕۆشنبیری كوردە، لە ساڵی ١٩٦٠ لە شاری سلێمانی لە دایكبووە، لە سەرەتای هەشتاكان قەسیدەی (نیشتمان)ی نوسیووە، لە نەوەدەكانیش چەندین وتار و بابەتی نوسیووە و لە شارەكانی سلێمانی و هەولێر چەندین كۆڕ و سیمیناری بەڕێوەبردووە، یەکێکە لە دامەزرێنەرانی گۆڤاری ڕەھەند، یەکەم ڕۆمانی بە ناوی مەرگی تاقانەی دووەم، ساڵی ١٩٩٧ لە سوید بڵاوکرایەوە.

بەختیار عەلی لە كۆتایی نەوەدەكان هەرێمی كوردستانی بەجێهیشتووە و چووەتە ئەڵمانیا و تا ئێستاش هەر لەوێ دەژی بەشێك لە بەرهەمەكانی بەختیار عەلی بۆ چەندین زمانی بیانی وەرگێڕدراون.



PM:12:42:04/02/2025