لە كەركوك پەیكەرێك بۆ مەقامبێژی توركمانی هابە دروستکرا

ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە ١٧ی ئابی ٢٠٢٥ بە ئامادەبوونی هونەرمەندان و هونەردۆستان و کەسایەتییە دیارەکان، ناوەندی ڕۆشنبیری لە پارێزگای کەرکوک پەردەی لەسەر پەیکەری گۆرانیبێژی بەناوبانگی تورکمان هابە لادا.

سەنتەری ڕۆشنبیری کەرکوک، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە" دوێنێ لە ژێر دروشمی (وەفایەک بۆ ڕەسەنایەتی و هەنگاونان بۆ داهێنان)، ناوەندی ڕێکخراوە دیموکراتییەکانی کەرکوک مەراسیمێکی بۆ پەردە لادان لەسەر پەیکەری هونەرمەندی کۆچکردووی ناودار هابە ڕێکخست". 

بەشی ڕۆشنبیری کەرکوک ئاماژەی بەوەشکردووە، هونەرمەندان و کەسایەتییە ناودارەکان و هاوسەر و دوو کوڕەکەی ئامادەیی مەراسیمەکە بوون، هەروەها دواتر ئاهەنگێک بە بیرەوەرییەکانی گۆرانییەکانی هونەرمەندی کۆچکردوو هابە و هونەرمەند ناسڕی ڕەزازی چەند گۆرانییەکی بە یادی جاران پێشکەشی ئامادەبووان کرد. 

هاوکات لە ئاهەنگەکەدا ڕێز لە کاری هونەری هابە و ڕۆڵی وەک یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی مەقامی تورکمان لە عێراق گیرا.

هەروەها پەیکەرەکە لەلایەن هونەرمەند سامان ئەبوبەکرەوە دروستکراوە. 

عەبدولوەهاب بەرغەش حوسێن ناسراو بە هابە ساڵی ١٩٤٥ لە دایکبووە، ساڵی ٢٠٠١ بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کردووە، هونەرمەندێکی میللی شاری کەرکوکە.

هابە بە دەنگێكی ناوازەی گۆرانی و خۆریات و مەقام ناسراوە کە چەندین ئاهەنگی گەورەی لە كەركوك و شارەكانی عێراق و توركیا و زۆر وڵاتی دیکە ئەنجامداوە.

هەروەها هابە بەهۆی کارە هونەرییەکانی دەیان خەڵاتی پێبەخشراوە.



AM:10:20:18/08/2025