نوێترین كاری هەڵكەوت زاهیر بۆ سەلاحەدینی ئەیوبییە

رووداو

هەڵكەوت زاهیر بە بەرهەمێكی هونەری لە دوو توێی گۆرانییەكدا، باس لە هەندێك لایەنی ژیانی سەڵاحەدینی ئەیوبی دەكات ، كە لەلای خەڵكی نامۆیە.
لەمباریەوە هەڵكەوت زاهیر وەردەكاری ئەم پڕۆژەیەی بۆ رووداو ئاشكرا دەكات و دەڵێت، "ئەم پڕۆژەیەم زۆر پڕۆفیشناڵە و نزیكەی دوو ساڵ پێوەی سەرقاڵ دەبم وسێ گۆرانیبێژی بەناوبانگ بەشداری تێدادەكەن، دوو هونەرمەندی بەناوبانگی عەرەب بەشدار دەبن و ئەوەی دیكە كورد دەبێت، روئیایەكی روونی ئەم مرۆڤە نیشانی وڵاتە عەرەبییەكان دەدەم، كە ئەو كەسایەتییەكی  مێژوویی كورد بووە، لەبەر ئەوەی لەلای بەشێك لە خەڵكی هێشتا گومان لە كورد بوونی دەكەن".
هەڵكەوت زاهیر دەیەوێت لە رێگای ئەم كلیپەوە كوردبوونی سەڵاحەدین ودڵسۆزیی بۆ كورد بخاتەڕوو، ئەو گوتی"لەم بەرهەمەمدا دەمەوێت ئەو دەنگۆیانە رەتبكەمەوە، كە دەڵێن سەڵاحەدینی ئەیوبی هیچی بۆ گەلی كورد نەكردووە، من هەوڵمداوە ئەو نیشان بدەم، كە لەو كاتەدا هزری ئایینی بەهێزتربووە لە هزری نەتەوەیی".
هەڵكەوت گوتیشی" لە كوردستان كلیپەكە لەلایەن فادی حەدادەوە ئەنجامدەدرێت و وێنەكانیش لە ناوچەی دوین وئەو شوێنانەی دەگوترێن سەڵاحەدین لێی ژیاوە تۆمار دەكرێن، ئێستا چەند كۆمپانیایەك رەزامەندییانداوە سپۆنسەری بكەن، بەڵام پڕۆژەكە پێویستیی بە هاوكارییەكی زۆر هەیەو ئێستا لە قۆناخی سەرەتاداین وكاركردن لەسەری بەردەوامە".




PM:03:10:15/12/2014