شەش شاکاری بەختیار عەلی وەردەگێڕدرێنە سەر زمانە بیانییەکان

نووسەر و ڕۆماننووسی ناسراوی کورد بەختیار عەلی لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ بە جیهانیبوونی ئەدەبیاتی کوردی، گرێبەستی وەرگێڕانی بۆ شەش ڕۆمانی خۆی واژوو کردووە.

بەپێی زانیارییەکانی لاپەڕەی فەرمی نووسەر، بڕیارە ئەم بەرهەمانە بە زمانەکانی وەک ئینگلیزی، ڕووسی، ئەڵمانی، تورکی ودانیمارکی و سویسری و کەتەلانی بڵاوبکرێنەوە.

هەروەها دواهەمین هەناری دونیا بە دوو زمانی نوێ بڵاودەبێتەوە، لە ماوەیەکی نزیکدا بە زمانی ڕووسی چاپ دەکرێت، هەروەها بنکەی دیل کراتەر لە بارسێلۆنا گرێبەستی بۆ وەرگێڕانی بە زمانی کەتەلانی واژوو کردووە.

لەلایەن بنکەی بڵاوکردنەوەی ئارکیپێلاگۆ لە ئەمریکا، بە زمانی ئینگلیزی دەخرێتە بەردەست.

هاوکات شاری مۆسیقارە سپییەکان و کۆشکی باڵندە غەمگینەکان بەپێی گرێبەستێک لەگەڵ بنکەی توتەم یاینلار وەردەگێڕدرێنە سەر زمانی تورکی.

ئەم هەنگاوە بە دەستکەوتێکی گەورە بۆ کتێبخانەی کوردی دادەنرێت کە تێیدا فەرهەنگ و خەیاڵی کوردی لە ڕێگەی دەقە ئەدەبییەکانەوە بە گەلانی دیکەی جیهان دەناسرێت.

بەختیار عەلی ڕۆماننوس و شاعیر و ڕۆشنبیری كوردە، لە ساڵی ١٩٦٠ لە شاری سلێمانی لە دایكبووە، لە سەرەتای هەشتاكان قەسیدەی (نیشتمان)ی نوسیووە، لە نەوەدەكانیش چەندین وتار و بابەتی نوسیووە و لە شارەكانی سلێمانی و هەولێر چەندین كۆڕ و سیمیناری بەڕێوەبردووە، یەکێکە لە دامەزرێنەرانی گۆڤاری ڕەھەند، یەکەم ڕۆمانی بە ناوی مەرگی تاقانەی دووەم، ساڵی ١٩٩٧ لە سوید بڵاوکرایەوە.

بەختیار عەلی لە كۆتایی نەوەدەكان هەرێمی كوردستانی بەجێهیشتووە و چووەتە ئەڵمانیا و تا ئێستاش هەر لەوێ دەژی بەشێك لە بەرهەمەكانی بەختیار عەلی بۆ چەندین زمانی بیانی وەرگێڕدراون.




PM:04:45:15/04/2026