خەڵاتێکی نێودەوڵەتی بۆ سینەمای کوردی؛ هێشوو فاتێح لە ئەمریکا درەوشایەوە

دەرهێنەر هێشوو فاتێح بە فیلمی دۆکیۆمێنتاری 'کۆدی ٩٩٨١'، سەرکەوتنێکی نوێی بۆ سینەمای کوردی تۆمار کرد و توانی خەڵاتی لیژنەی دادوەران لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی (Women‌s Voices Now) لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا بەدەستبهێنێت. فیلمەکە دوای بڕینی سێ قۆناغی سەختی هەڵسەنگاندن، بەهۆی کاریگەریی بابەتەکەیەوە سەرنجی لیژنەی دادوەرانی ڕاکێشا و خەڵاتی ڕێزلێنانی پێبەخشرا.

فیلمی 'کۆدی ٩٩٨١' باس لە ژیانی ژنە کارمەندێکی لێهاتووی کەرتی تەندروستی دەکات کە ئەرکێکی مرۆیی قورس و پڕ مەترسی لەئەستۆ گرتووە. ئەو لە ڕێگەی ئامادەکردنی دەرمانی کیمیایی بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە، هیوا و ژیان بە خەڵک دەبەخشێتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا بەهۆی مامەڵەکردنی بەردەوام لەگەڵ ئەو ماددە کیمیاییە مەترسیدارانەدا، تەندروستی و ژیانی خۆی دەخاتە مەترسییەوە.
ستافی بەرهەمهێنانی فیلمەکە
ئەم کارە هونەرییە لەلایەن تیمێکی پسپۆڕ و لێهاتوو جێبەجێ کراوە:
• دەرهێنەر: هێشوو فاتێح
• بەرهەمهێنەر و مۆنتاژ: سارۆیان ئیسماعیل
• بەڕێوەبەری وێنەگرتن: ئاوات عومەر
• یاریدەدەری وێنەگر: ڕێبوار ڕێبوار
• خوێندنەوەی دەق (Narration): ڤیان ئەحمەد
• بەڕێوەبەری بەرهەم و تۆمارکردنی دەنگ: وەرش فاتێح
• دانانی مۆسیقا: نەورۆز تانیا
• کاستینگ: ڤۆکان کاست
• ماکیاژ: تینا عومەر
• وەرگێڕان: لیزا ڕزگار

فێستیڤاڵی (Women‌s Voices Now) سەکۆیەکی جیهانییە کە بنکەکەی لە ئەمریکایە و تیشک دەخاتە سەر ئەو فیلمانەی داکۆکی لە مافەکانی ژنان دەکەن و هانی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی دەدەن. بەدەستهێنانی خەڵات لەم فێستیڤاڵەدا، نیشانەی گەیشتنی چیرۆکی ئازایەتیی ژنانی کوردە بە بینەرانی جیهان



PM:06:03:15/05/2026