شیکاریەک بۆ ڕۆمانی مردنی ئیڤان ئیلیچ


زاهیر عەبەڕەش
پیاوێکی مردووکە لە مردنی خۆی دەترسێت.

ڕۆمانی، مردنی ئیڤان ئیلیچ (Ivan Ilitjs död)کورتە ڕۆمانێکە لە ساڵی ١٨٨٦چاپکراوە، لە نووسینی نووسەری ڕووسی لیۆ تۆڵستۆی. بە یەکێك لە باشترین کورتە ڕۆمانەکانی ئەدەبی جیهانی دادەنێن، کاریگەرترین دەقە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مرۆڤ لەگەڵ مردن.لە ڕاستیدا پێش خوێندنەوەی ئەم تێکستە شانۆیی (مردنی پاشا) ی یۆژین یۆنسکۆم خوێندبووە و شیکاریم بۆ کردووە، پاشان کە ئەم دەقەم خوێندەوە لێکچوونێکی زۆر هەیە لە نێوانیان، یۆنسکۆ لە ژێر کاریگەری ئەم دەقەدا تێکستی مردنی پادشای نووسیووە، لە نووسینێکی تردا جیاوازی و لێکچوونەکانم دەستنیشان کردووە. سوپاسی کاک ماجید حەمە قادر دەکەم کە پێی ڕاگەیاندم ئەو تێکستە بە کوردی هەیە و نووسخە کوردیەکەی بۆ ناردم، تێکستە سویدیەکەی ساڵی ١٩٢٨ و نوسخە کوردیەکەی ساڵی ٢٠١١ دەزگای توێژینەوە و بڵاوکردنەوەی موکریانی بڵاو کردۆتەوە و وەرگێڕانی بۆ کوردی ئەمین گەردیگلانی.
بەیەکێک لە بەرهەمە بەناوبانگەکانی دادەنرێت کە باس لە مانای ژیان و مردن و مەیلی مرۆڤ بۆ ژیان بەپێی چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگا دەکات. چیرۆکەکە بەو شێوەیە دەست پێدەکات کە پاڵەوانەکە پێشتر مردووە. چیرۆکەکە باس لەوە دەکات کە چۆن ئیڤان ئیلیچ، دادوەرێکی تەمەن ٤٥ ساڵ لە ڕووسیا لە سەدەی نۆزدەهەمدا ڕووبەڕووی مردن دەبێتەوە. ئیڤان کە ژیانێکی بەڕواڵەت ڕێک و پێک دەژی، سەرەڕای پەیوەندییە کارەساتبارەکانی لەگەڵ هاوسەرەکەی، بە هەڵە لەکاتی هەڵواسینی پەردەی پەنجەرەی خانووە نوێکەیاندا دەکەوێتە خوارەوە. دوای یەک دوو هەفتە دەست دەکات بە هەستکردن بە تامێکی نامۆ لە دەمیدا و ئازارێک لە جەستەیدا. هیچ پزیشکێک ناتوانێت دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە بکات، بەڵام زۆری نەخایاند ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە ئیڤان لە دۆخی مردندایە.
بەشی دووەمی ڕۆمانەکە باس لەو ئەشکەنجە و بیرکردنەوانە ئازار چەشتنە دەکات کە ئیڤان پێیدا تێدەپەڕێت لەسەر وەختی لەسەرمەریگدا.
سەرەتای دەستپێکردنی ڕۆمانەکە بە خوێندنەوەی هەواڵی کۆچی دواییئیڤان ئیلیچ(Ivan Ilitjs) دەست پێدەکات. یەکێک لە هاوەڵەکانی ئیڤان لە دادگا لە کاتی پشوودا، لە ڕۆژنامەیەکدا هەواڵی مردنی ئیڤان بۆ هاوڕێکانی تریدەخوێنێتەوە.
لەگەڵ دەستپێکردنی ڕۆمانەکە تۆڵستۆی تۆڵستۆی ڕاستەوخۆ تیشک دەخاتە سەر چۆنیەتی کاردانەوەی خۆپەرستانەی هاوڕێ و هاوکارەکانی ئیڤان. هەرلەوێدا باسی ئەوە دەکەن کێ شوێنی ئیڤان بگرێتەوە، چۆن پلەی پیشەییان بەرز بکەنەوە، ئەمە چۆن کاریگەری لەسەر مووچەکەیان یان پیشەکەیان دەبێت؟ چۆن بچن بۆ پرسەکەی، بەم شێوەیە مردنەکە وەک دەرفەتێک بۆ قازانجی خۆیان دەبینن نەک خەمی مردنی ئیڤانی هاوڕێیان. 
چیرۆکەکە لە کۆتاییەوە دەست پێدەکات، لەو کاتەوەی کە ئیڤان دەمرێت پاشان تیشک دەخاتە سەر ژیانی ڕابوردووی، لە بەشی یەکەمدا بەشێوەیەکی ڕووکەشی ژیانی کارەکتەرەکان وێنا دەکات پێش ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ وێناکردنی ژیان و نەخۆشی ئیڤان.
تۆڵستۆی کاردانەوەی کارەکتەرەکانی دەوروبەری پاڵەوان بەکاردەهێنێت بۆ ڕەخنەگرتن لە کۆمەڵگایەک کە مرۆڤەکان زیاتر خەمی پلەو پایە، ستاتۆس، پارە و پیشەیان هەیە نەک میهرەبانی و مرۆڤایەتی. مرۆڤەکان خۆیان لە بیرکردنەوە یان قسەکردن لەسەر مردنی خۆیان وپرسیارە جەوهەریەکەی ژیان  بەدوور دەگرن، لەبری ئەوە بەردەوامن لە جەختکردنە سەر کار و پارە و ژیانی ڕۆژانە.  هاوکار و هاوڕێکانی ئیڤان بیر لەوە دەکەنەوە ئەوە ئیڤانی هاوڕیانە مردووە نەک خۆیان.
تۆڵستۆی مردنی خۆی لە ڕوانگەی زیندووەکانەوە وێنا دەکات. بە پێچەوانەی ڕێزبەندی کاتی لە پیشدا پاڵەوان مردووە ئەوجا باسی ژیانی دەکرێت، تۆڵستۆی ئەو کاتە بێمانا وبەتاڵ و ئەبسوردەمان لە ژینگەیەکی بیرۆکراتیی و بەرژەوەند خوازیدا بۆ باس دەکات، کە پێشتر مردووەکە سەر بەو ژینگەیە بووە، هەڵوێستی هاوڕێکانی ئیڤان ئیلیچ بەرامبەر بە مردنی، شێوازی پەیوەندیکردنیان لەگەڵ مردووەکە، بەو هێڵە کاتییانەی لە ڕۆمانەکەدا بەکارهێنراون، زەق دەبێتەوە.هەروەها پێناسەی کاتمان بۆ دەکات، لەبەر ئەوە لەم شیکارییەدا لە ڕوانگەی کات و هێماکانەوە شیکاری بۆ ئەم دەقە دەکەم. 
لە بەشەکانی پاشتردا تۆڵستۆی زانیاریمان پێدەدات کە ئیڤان ئیلیچ دادوەرێکی سەرکەوتوو بووە  و بەپێی پێوەرەکانی کۆمەڵگا ژیانێکی ئاسوودە ژیاوەو رێزێکی زۆری هەبووە، زۆریش حەزی بە یاری کاغەزێن کردووە،  خاوەنی دوو منداڵە کچ و کوڕێک.  پراسکۆڤیا فێدرۆنۆڤا (Praskovya Fyodorovna) ی ژنی پشتیوانێکی گرنگ بوو بۆ ئەو. ژیانی هاوسەرگیرییان تاڕادەیەک بە خۆشی دەست پێدەکات بەڵام لە کۆتاییدا سارد و پڕ لە ململانێ دەبێت. کاتێک ئیڤان نەخۆش دەکەوێت پراسکۆڤیایزۆرجار توڕەیی دەردەبڕێت چونکێ خەمی کرداری و عەمەلی نیشان دەدات نەک بەزەیی. تۆڵستۆی ڕۆڵی خۆی بەکاردەهێنێت بۆ وێناکردنی ئەوەی کە چۆن ڕێکەوتنە کۆمەڵایەتییەکان و بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەتوانن کاریگەرییان لەسەر پەیوەندییە مرۆڤییەکان هەبێت. هاوڕێکانی هەست بە ناخۆشی دەکەن نەک لەبەر لە دەستدانی هاوڕێکەیان بەڵکو لەبەر ئەوەی بڕیاریان دابوو کە شەوێ کۆ ببنەوە و یاری کاغەزێن بکەن. تۆڵستۆی لە وەسفکردنی هەڵوێستی زیندووەکان بەرامبەر بە مردنلە ڕێگەی مەرگیشەوە بەرامبەر بە ژیان، سەرنجی تایبەت بۆ شێوازی مامەڵەکردنیان لەگەڵ کاتدا ڕادەکێشێت: 
لە سەرەتای ڕۆمانەکەدا، لە دوای مردنی ئیڤان ئیلیچ، بە هەمان شێوەیە وێنای پراسکۆڤایا دەکات کە بەردەوام مژوڵی بابەتە کردارییەکانە، لەوانە دارایی و ئەو خانەنشینییەی کە چۆن دوای مردنی هاوسەرەکەی وەریبگرێت. ئەمەش ڕەخنەی تۆڵستۆی لە کۆمەڵگا بەهێزتر دەکات کە زۆرجار پێگەی دەرەکی و بەرژەوەندی خۆ لە پێش خەمی ڕاستەقینەدا دادەنرێت.
ئیڤانلە بەشی سێی ڕۆمانەکەئیڤان دەگوازێتەوە بۆ شاری شاری پترۆزبۆرگ، لەوێ لە دادگا کار دەکات پارەو پولێکی باش کۆدەکاتەوە و خانوویەک دەکڕێت، لە ماڵە نوێیەکەی خەریکی ڕازاندنەوەی ماڵەکەیانە، لە کاتی هەڵواسینی پەردەی پەنجەرەکاندا دەکەوێت و کەلـلەکەی دەیماڵێت بە قەراغی کورسیەکەدا بریندار دەبێت و تووشی ئازارێکی زۆر دەبێت و ئەوەش دەبێت هۆی ئەوەی تووشی نەخۆشیەکی کوشندەی بکات و هەر بەو هۆیەوە دەمرێت. بەڵام کەس نایەوێت دەربارەی ئیڤان ئیلیچ لە ترسی مردن بزانێت، تەنانەت ژنەکەی خۆیشی. کەس نییە، جگە لە خزمەتکارێکی بێ پارە گراسیم کە ئاگاداری دەبێت.
 گیراسیم کوڕێکی کە سادە بوو بە بێ پاداشت، وەک خزمەتکارێک لە ماڵی ئیڤان، بە دڵسۆزی یاوەری ئەو پیاوە ی دەکرد، چاودێری دەکرد هەندێکجار بە درێژایی شەو تا بەیانی و هاوغەمی ئازارەکانی ئیڤان بوو،  بە شێوەیەکی سروشتی،زۆر بە ڕێز و ئارامییەوە مامەڵەی لەگەڵ نەخۆشەکە، پێش ساتەوەختی مردنیشیتەنانەت لەگەڵ مردنەکەشیدا دەکرد. لای ئەو ئەمە ویستی خودایەو مەرگ چاوەڕێی هەموومان دەکات.
ئیڤان یادەوەرییەکانی ژیانی ڕابردووی لەسەرەمەرگدا وەک مۆتەکەیەک بەردەوام بەدواوەیەتی . کەمێک پێش ساتەوەختی مردن، ئیڤان ئیلیچ لە هەستێکی قوڵدایە بەوەی کە ژیان چییە ؟ تەنها کاتێک ئیڤان تێدەگات کە بەڕاستی دەمرێت، دەست دەکات بە بیرکردنەوە لەوەی کە چۆن ژیاوە و بەڕاستی چی گرنگ بووە؟ 
 مردن حەتمیەو هەموو مرۆڤەکان دەبێت ڕووبەڕووی مردن ببنەوە. مانای ژیان،  ژیانێکی باش و پڕ مانادار مانای چییە؟ تۆڵستۆی ڕەخنە لە ژیانێک دەگرێت کە بە پێگە و سەرکەوتنی دەرەکی بەڕێوەدەچێت، ئازار و بەزەیی چاودێری ڕاستەقینەی مرۆڤ دەتوانێت تەنانەت گەورەترین ئازاریش کەم بکاتەوە.
دەست دەکات بە پرسیارکردن لە هەموو ژیانی خۆی. پرسیاری ئەوە دەکات کە ئایا بەڕاستی ژیانێکی دروستی ژیاوە یان تەنها هەوڵی بەدەستهێنانی پێگە و پارە و ڕێزی کۆمەڵایەتی داوە. زۆربەی کەسانی دەوروبەری خۆیان لە قسەکردن بە ئاشکرا لەسەر مردنەکەی بەدوور دەگرن، ئەمەش وای لێدەکات تەنیا بێت. تاکە کەسێک کە بەزەیی ڕاستەقینە نیشان دەدات، خزمەتکار گراسیم کە بەبێ پارە هاوکاری دەکات. تۆڵستۆی پێشنیاری ئەوە دەکات کە ژیانێک کە تەنها لەسەر بنەمای پیشە و پارە و شکۆمەندی کۆمەڵایەتی دامەزراوە، مەترسی ئەوەی هەیە کە هەست بە بەتاڵی بکەیت.
 لەگەڵ نزیکبوونەوەی مردن،  تەنها کاتێک ئیڤان ئیلیچ ڕووبەڕووی مردنی خۆی دەبێتەوە، درک بە بەهای خۆشەویستی و ڕاستگۆیی و بەزەیی دەکات.
هەرچەندە ڕۆمانی مەرگی ئیڤان ئیلیچ چیرۆکێکی ڕیبازی ئەبسورد نییە، بەڵام گەلێک تایبەتمەندی هەن کە دەتوانرێت وەک ئەبسورد هەستیان پێبکرێت وسەیر بکرێت، بەو مانایەی کە نیشان دەدەن مرۆڤ چۆن لەگەڵ مانای ژیان و حەتمیەتی مردندا ململانێ دەکات. بەڵام ڕۆمانەکە زۆر پێش ئەوەی بێمانایی ببێتە بزووتنەوەیەکی ئەدەبی نووسراوە و بە ئەبسورد حسێب ناکرێت.
ئیڤان ئیلیچ وا ژیاوە کە مردن تەنها کاریگەری لەسەر کەسانی تر هەبێت، ئێمە هەرگیز مەرگی خۆمان نابینین، مەرگ پەیوەندی بە کەسانی دیکەوە هەیە نەک خۆمان، کارەکتەرەکانی دەورو بەری هەوڵدەدەن خۆیان قەناعەت پێبکەن کە مردنی خۆیان بیر لێناکانەوە، هەرچەندە لە ڕاستیدا دەزانن کە ئەوە ڕاست نییە.
ڕێک ئەم بیرکردنەوە خۆ فریودەرەیە کە تۆڵستۆی ڕەخنەی لێدەگرێت: مرۆڤ بەزەحمەت مردنی خۆی قبوڵ دەکات و خۆی لە پشت ئەو تێڕوانینە دەشارێتەوە کە مردن هەمیشە کاریگەری لەسەر کەسێکی دیکە هەیە.
بەڵام لە لایەکەی ترەوە مەرگی ئەوانی تر دەبینین، ئیڤانیش هەرگیز مەرگی خۆی نابینێت، بەڵکو لە هەستی مردندا دەژی،  کاتێک خۆی تووشی نەخۆشییەکی کوشندە دەبێت، وەک شتێکی ناعەقڵانی و نزیکە لە بێمانایی ئەزموون دەکات کە ئەو کەسەیە کە دەبێ بمرێت. خەڵکی دەوروبەری ئیڤان بەردەوامن لە ژیانی ڕۆژانەیان، وا خۆیان نیشان دەدەن کە نزیکە وەک ئەوەی هیچ ڕووی نەداوە. ئەوان زیاتر خەمی پیشە و میرات و ئەرکە کۆمەڵایەتییەکانیانن نەک ئازارەکانی. ئەمەش هەستی بێ مانا و نامۆبوون دروست دەکات.
ئیڤان کاتێک ئاوڕ لە ژیانی خۆی دەداتەوە، تێدەگات کە بە پلەی یەکەم بەپێی ئایدیالی سەرکەوتن و پێگەی کۆمەڵگا ژیاوە. لەخۆی دەپرسێت ئایا هەموو ژیانی مانای ڕاستەقینەی هەبووە؟ ئەم قەیرانە وجودییە ئەو پرسیارانەمان بیردەخاتەوە کە دواتر لە ئەبسوردیزمدا گرنگ بوون.
جیاوازییە چارەنووسسازەکە ئەوەیە کە تۆڵستۆی ڕێگەیەکی دەربازبوون لە قەیرانەکە پێشکەش دەکات. بەرەو کۆتایی، ئیڤان ئیلیچ بە قبوڵکردنی مردن و درککردن بە بەهای خۆشەویستی و مرۆڤایەتی و ژیانێکی ڕاستەقینە، فۆرمێکی ئاشتەوایی دەدۆزێتەوە.
لە بێمانایی کلاسیکدا  بۆ نموونە لە یوجین ئیۆنێسکۆ یان ساموێل بێکێتدا  بە گشتی چارەسەرێکی لەو شێوەیە نییە. مرۆڤ لە جیهانێکدا دەژی کە مانایەکی ڕوونی نییە و دەبێت خۆی مامەڵە لەگەڵ ئەم وەدیهاتنەدا بکات.
مەرگی ئیڤان ئیلیچ ڕۆمانێکی بێمانا نییە، بەڵام پرسیاری وجودی لەخۆدەگرێت کە دواتر بوونە ناوەندی لە ئەبسوردیزمدا،بەرییەککەوتنی مرۆڤ لەگەڵ مردن،هەستکردن بە بێ مانایی،ڕووکەشبوونی کۆمەڵگا وتەنیایی لە کۆتایی ژیاندا، گرنگترین جیاوازی ئەوەیە کە تۆڵستۆی ڕێگە بە پاڵەوان دەدات مانا و ئارامی ناوەوە بدۆزێتەوە، لە کاتێکدا بەرهەمەکانی ڕێبازی ئەبسورد زۆرجار کەسەکە بەبێ وەڵامێکی ڕوون یان ئاشتەوایی کۆتایی بەجێدەهێڵن

کات لە ڕۆمانەکەدا
تێڕوانین بۆ کات لە کورتە ڕۆمانی مەرگی ئیڤان ئیلیچ دا  زۆر گرنگە بۆ ئەوەی تۆڵستۆی چۆن ژیان و مردنی کارەکتەری سەرەکی وێنا دەکات. ڕۆمانەکە هەردوو کاتی (کرۆنۆلۆژی واتە بە پێی کات ڕێکخراوە) و  (کاتی دەروونی) بەکاردەهێنێت. گۆڕانکارییەک لە نێوان کاتی دەرەکی (ڕووداوەکانی ژیان) و کاتی ناوەکی، دەروونی (بیرەوەری و بیرکردنەوەکان) چییە؟
یەکەم کاتی کرۆنۆلۆژی : پێکهاتەیەکی گێڕانەوەکەی (چیرۆکەکە بە مردن دەست پێدەکات و دواتر دەگەڕێتەوە) چیرۆکەکە بە شێوەیەکی نائاسایی دوای مردنی ئیڤان ئیلیچ دەست پێدەکات، کاتێک هاوکارەکانی هەواڵی کۆچی دوایییان پێدەگات. پاشان پڵۆتەکە دەگەڕێتەوە بۆ کات و باس لە ژیان و ژیانی پیشەیی و چۆنیەتی نەخۆشکەوتنی دەکات. بەرەو کۆتایی چیرۆکەکە دەگەڕێتەوە بۆ دوا ڕۆژەکانی پێش مردنی.، واتە ڕۆژ و هەفتەو مانگ و ساڵەکان بە شێوەیەکی ڕێکخراوەیی بەدوای یەکدا دێن.
دووەم کاتی دەروونی: کاتێک ئیڤان بە سەختی نەخۆش دەکەوێت، تێڕوانینی بۆ کات دەگۆڕێت. ڕۆژەکان هەست بە درێژیی و ئازار دەکەن بەهۆی ئەو ئازارەوە، بەردەوام بیر لە ژیانی خۆی دەکاتەوە و هەڵبژاردنەکانی دەکۆڵێتەوە. یادەوەرییەکانی منداڵی و گەنجی فەزایەکی زۆریان پێدەدرێت، بەو پێیەی هەوڵدەدات لەوە تێبگات کە ئایا ژیانی هیچ مانایەکی ڕاستەقینەی هەبووە یان نا. لێرەدا ئەوە کاتژمێر نییە کە چیرۆکەکە کۆنترۆڵ دەکات، بەڵکو بیرکردنەوە و هەستەکانی ئیڤان ئیلیچ.
گرنگی کات. تۆڵستۆی کات بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی نیشان بدات کە چۆن ڕوانگەی مرۆڤ لە بەرامبەر مردندا دەگۆڕێت، پێش نەخۆشییەکە ئیڤان کات وەک شتێکی پڕ لە کار و پیشە و سەرکەوتنی کۆمەڵایەتی ئەزموون دەکات.
کاتێک ئیڤان نەخۆش دەکەوێت، تێدەگات کە کاتێکی بێسنووری بۆ نەماوەو کات تەواو دەبێتلە وە بە ئاگا دەبێت هەر ڕۆژێکی نوێ بەو مانایەیە کە خەریکە لە مردن نزیک دەبێتەوە. بۆیە چیتر بیر لە پلانی داهاتوو و پیشەکەی ناکاتەوە، بەڵکو بیر لەوە دەکاتەوە کە چەند کاتێکی کەمی ماوە، ئیڤان مردنەکەی قبوڵ دەکات و فۆرمێک لە ئاشتی دەدۆزێتەوە.
بۆنموونە،  پێشتر بیری لەوە دەکردەوە: ساڵی داهاتوو ڕەنگە پلەبەرزکردنەوەکەی بۆ بێت، مووچەکەی چەند زیاد دەبێت و دەتوانێت ساڵی داهاتوو چەند پاشەکەوت بکات، بەڵام ئێستا بیردەکاتەوە چەند ڕۆژم ماوە بژیم؟ بۆیە کات زۆر بەنرختر و ترسناکتر دەبێت.
ئەو کاتەشی گۆڕانکارییەکی ناوەوەی بەسەردا دێت، واز لە شەڕی مەرگ دەهێنێت، قبووڵی دەکات کە بڕیارە بمرێت، هەست بە بەزەیی بۆ خێزانەکەی دەکات لەبری ئەوەی تەنها بیر لە ئازارەکانی خۆی بکاتەوە و هەر ئەم گەشەسەندنی ناوەوەیە کە لە کاتەکانی دەرەوە گرنگتر دەبێت.
لە کۆتاییدا ئیڤان ئەوەندە لە مردن نزیک دەبێتەوە کە بیرکردنەوە لە ڕۆژ و کاتژمێر و بەروار دەهێنێت، گرنگ ئەوەیە چەندێک دەژی، بەڵکو چۆن ڕووبەڕووی مردنەکەی دەبێتەوە. جۆرێک لە ئاشتی دەدۆزێتەوە ئەمە بەو مانایە نییە کە تەندروست دەبێت یان واز لە ئازارەکان دێنێت. بەڵکو ئارامی ناوەوە دەدۆزێتەوە. واز لە ترسی مردن دێنێت چونکە قبوڵ دەکات. بەم شێوەیە تۆڵستۆی نیشان دەدات کە ئەزموونی مرۆڤ لە کاتدا تەنها بە ڕۆژ و ساڵ ناپێورێت، بەڵکو لە چۆنیەتی تێگەیشتن و بەهادان بە ژیانماندا دەپێورێت. ئەمە یەکێکە لە پەیامە گرنگەکانی تۆڵستۆی ئەوەی مانا بە ژیان دەبەخشێت، ئەوە نییە کە چەند دەژین، بەڵکو چۆن دەژین و چۆن پەیوەندیمان لەگەڵ مرۆڤەکانی تر و بە مردنی خۆمانەوە هەیە.
کات لە ساتی مردنی ئیڤان ئیلیچ
 ماوەی بیست و یەک ساڵ تێدەپەڕێت دوای هاوسەرگیرییەکەی ئیلیچ، کات لە رۆمانەکەدا ژیانی پاڵەوانەکە و لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی ئەو پێکدەهێنێت هەروەها بێمانای  ژیانیش. حیکایەتخوانی ناو ڕۆمانەکە بە وردی بەرواری ڕووداوەکانیدیاری ناکات بەڵکو تیشک دەخاتە ئەو  شتانەی تەنیا لە بۆچوونی ئیڤان دا گرنگە.
بەشی سێیەم زیاتر جەخت لەسەر باوەڕی پاڵەوان دەکات کە کۆنترۆڵی بەسەر کاتدا هەیە، کە بە بۆچوون ئەو چۆن دەبێت ژیان بەو شێوەیەبەڕیوە بچێتکە ئەو دەیەوێت .  بە ئاسانی، بە خۆشی و شایستەیی. 
 ئیڤان بەردەوام خەریکی کۆنترۆڵکردنی کاتەکانیێتی، کە نابێت هیچ شتێک تێکی بدات، کاتژمێر نۆ هەڵدەستێت لە خەو، قاوە دەخواردەوە، کاغەزەکانی دەخوێندەوە، پاشان یەکپۆشییەکەی لەبەر دەکات و دەچێتە دادگا. بەتەواوی کاتەکانی خۆی ڕێکخستووە. ڕۆتینی ڕۆژانە کە لەلایەن ئیڤان ئیلیچەوە دامەزرابوو، بە شێوەیەکی سروشتی نانخواردنی نیوەڕۆ و خواردنی کەمی پاشنیوەڕۆ و ئێوارەخوانی ئێوارەی لەخۆگرتبوو. حیکایەتخوان باسی ئەم کاتانەی ڕۆژ دەکات (ئەو کاتەی کە ژەمەکان دیاری دەکات) و ئەو چالاکییانەی پەیوەستن پێیانەوە. ئەمەش ئەوە نیشان دەدات کە ئیڤان بە تەنیا لە کاتێکی ڕێکخراو و ڕۆتینیدا دەژی کە هیچ بوارێک بۆ گەشەکردنی ڕۆحی یان دروستکردنی پەیوەندی قووڵ و ڕاستگۆیانە لەگەڵ مرۆڤەکاندا ناهێڵێتەوە، بەڵام  ئازار و گەشەسەندنی هەستکردن بە ناڕەحەتی دەبێتە هۆی تێکچوون لە کاتدا. لەوێدا کات دەبێتە شتێکی تر و گۆڕانکاری بەسەردا دێت.
کات لە ڕۆمانی مردنی ئیڤان ئیلیچ ئامرازێکی گرنگە بۆ بیرۆکەکانی تێکستەکە، بەشێوەیەکی زۆر هۆشیارانەی هەمەچەشن کات و  پەیوەندی پاڵەوانی ڕۆمانەکە بە کاتەوە وێنا دەکات و ئەزموونی ژیان و مردنی خۆی باس دەکات و هەڵسەنگاندنی بۆ دەکات. بۆیە وەک پۆلێنێکی فەلسەفی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، بەستراوەتەوە بە بیرکردنەوە لە مانای بوونی مرۆڤ. سەردەمی ئیڤان ئیلیچ- کە سەرەتا وەک مردوو پێشکەش دەکرێت، پاشان دەگۆڕدرێت بە بۆ ژیانی و بەیوەندی ئیڤان ئیلیچبەکاتی دەرەکی و ناوەکی. 
هەر لە سەرەتا و لە لاپەڕەی یەکەمدا پێمان دەڵێت کە هاوڕێکانی کاتیان نییە بۆ بەشداریکردن لە پرسەکەدا، یەکێکی تریان دەڵێت بەشداری کردن لە کاتێکی وەرزکەر و ناخۆشە. 
مردن وەک پچڕانێک مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت بۆ بەسەربردنی کاتەخۆشەکان، هاوڕێکانی هەست بە ناخۆشی دەکەن، نەک لەبەر لە دەستدانی هاوڕێکەیان بەڵکو لەبەر ئەوەی بڕێاریان دابوو کە شەوێ کۆ ببنەوە و یاری کاغەزێن بکەن
تۆڵستۆی وەسفی ژیانی ڕۆژانەی پاڵەوانەکە بە ڕێکوپێکی و بە خێرایییەکی ئاسایی دەکات ، ساڵ بەدوای ساڵدا دێت بە شێوەیەکی تاڕادەیەک نەریتی تا ساتەوەختی  پەیدابوونی قەیرانە وجودیەکە، لە دوای نەخۆشییەکەی ئیڤانەوەیە  پێوانەکردنی کات دەگۆڕدرێت، خێرایی گێرانەوەکە دەگۆڕێت و خاو دەبێتەوە و سەرنج دەخرێتە سەر بیرکردنەوە و هەستی پاڵەوانو ئەزموونی بابەتیی کات کە لە کرۆنۆلۆژیای ئاسایی گرنگتر دەبێت. تیشک دەخرێتە سەر گەشەسەندنی ناوەوەی و قەیرانی بوونگەرایی. قۆناغی کۆتایی زۆر وردتر وێنا دەکرێت.
ئەو شتانە دەگێڕدرێتەوە کە لە ماوەی چەند دەیەک لە ژیانی پاڵەوانەکەدا ڕوویانداوە، پوختەی ڕووداوەکان دەگێڕیتەوە، زۆرجار بازدانی کاتیی بەرچاو بەکاردەهێنێت. لە درێژایی گێرانەوەکەدا خوێنەر دەزانێت کە ئیڤان ئیلیچ لە چەند شوێنێکدا بۆ ماوەی جەند ساڵ کاریکردووە، لە چ شوێنێکی تر پەلی باڵای هەبووە و ڕۆژنە چۆن کاتەکانی دابەشکردووە. لە بەشێکی تریدا بیست ساڵە هاوسەرگیری کردووە، بە هیچ شێوەیەک باس لە بێمانایی ژیان ناکات لەو بەشانەدا، وێنەی پیاوێک دروست دەکات تا ڕادەیەک بەدوای ئامانجی بەرژەوەندی بەدوای خۆیدا دەگەڕێت. کۆنترۆڵی بەسەر کاتدا هەیە.
هەستکردن بە ناڕەحەتی دەبێتە هۆی تێکچوونی کات: 
لە بەسەرنجی بۆ ڕێکخستنی کاتی ناجێگیر ڕادەکێشێت: لە دیمەنەکانی بەشی چوارەم بەدواوە  داهاتوو پێمان دەڵێت کە  "لە کاتی نانخواردنی ئێوارەدا" ئیڤان تووشی توڕەیی بووە یان "بەهۆی ئازارەکەوە هەموو شەوەکە نەخەوتووە"
لە شوێنێکی دیکەدا ئاگادارمان دەکاتەوە جارێکی دیکە "کەمێک دواکەوت بۆ نانخواردنی ئێوارە"، "هەندێک بابەتی گرنگی دواخست"، و لەبری ئەوەی یاوەری میوانەکانی بکات تا درەنگانی شەو، " بەڵام چووە ژوورەکەی خۆی. ئەمانە هەمووی ئەنگیزە و هۆکارە بۆ تێکچوونی کات. 
کاتێک ئیڤان بە سەختی نەخۆش دەکەوێت، ئەزموونی کاتەکەی دەگۆڕێت. هەرچەندە دەتوانێت سەیری کاتژمێرەکە بکات، بەڵام دەزانێت کە ئیتر هیچ شتێکی گرنگ لەبارەی واقیعەکەیەوە ناڵێت. بۆ ئەو هەموو شتێک لە دەوری ئازارەکە، ترسەکە و چاوەڕوانی مردن دەسوڕێتەوە. بۆیە چیتر ژیانی بە پێی کاتژمێرەکەی دەستی ناڕوات لەسەر کاتژمێرەکەی دەستی میقات ناکرێت. تۆڵستۆی دەیەوێت بڵێت، کاتژمێر هێشتا کاتی ئاسایی دەپێوێت، بەڵام بۆ ئیڤان مانای خۆی لەدەستداوە. ئێستا ژیانی بە نەخۆشی و ئەزموونی ناوەوەی کات بەڕێوەدەچێت نەک بە کاتژمێر و خولەک، کاتێک مرۆڤ ڕووبەڕووی مردن دەبێتەوە، کاتی دەروونی گرنگتر دەبێت لە کاتی کرۆنۆلۆژی
کاتە ئۆبجەکتیڤیەکان Objektiv دەرەکی
 کاتە ئۆبجەکتیڤیەکان بابەتییەکان ئەو کاتەیە کە هەموو کەسێک دەتوانێت بیپێوێت. بۆ هەموو کەسێک وەک یەکە نموونە:کاتژمێر سێی  پاشنیوەڕۆیە، سەعاتێک شەست خولەکە و ساڵێک ٣٦٥ ڕۆژە. کاتەکان بە هەمان ڕێژە بەرەو پێشەوە دەڕوات، بەبێ گوێدانە هەستکردنمان و لە چ بار و دۆخێکدا بژین. 
کاتە سەبجەکتیڤیەکان Subjektiv ناوەکی
کاتە سەبجەکتیڤیەکان ئەوەیە کە چۆن ئەزموونی کات دەکەین چۆن کات بەسەر دەبەین و چۆن کاتەکان تێدەپەڕن تۆ دەتوانێت هەست بە جیاوازی بکات بەپێی هەستەکانت و بارودۆخەکەت.
بۆ نموونە: لە ویستگەیەکدا وەستان لە ژێر باران چاوەڕێی پاس بکەیت، ئەگەر پێنج خولەک بێت هەست دەکەیت نیو کاتژمێرە. لەگەڵ باشترین هاوڕێکانت سێ کاتژمێر کۆدەبیتەوە بەڵام هەست دەکەیت نیو کاتژمێرە. کاتێک ئازارێکی زۆرت هەیە یان دەترسیت، لە هەر خولەکێکدا هەست بە درێژیی زۆر دەکەیت، هەرخولەکێک دەبێت بە سەعاتێک. کاتژمێر لە هەموو ئەم بارودۆخانەدا هەمان کات پیشان دەدات، بەڵام ئەزموونی کات جیاوازە.
لە سەرەتای چیرۆکەکەدا کاتە ئوبجەکتیڤیەکان زاڵە. ئیڤان ئیلیچ ژیانێکی ئاسایی دەژی کە ساڵەکان تێیدا تێدەپەڕن، دەخوێنێت، کاردەکات، هاوسەرگیری دەکات و دەبێت بە خاوەنی پیشە،  چیرۆکەکە بە ڕێکوپێکی ڕووداوەکان بەدوایدا دەچێت.
کاتێک نەخۆش دەکەوێت کاتە سەبجەکتیڤیەکان گرنگتر دەبێت. چیتر بیر لە ساڵنامە و کاتژمێر ناکاتەوە، بەڵکو بیر لە ئازارەکانی و ترسی خۆی دەکاتەوە. لە شەوێکدا دەتوانێت هەست بە بێکۆتایی کات بکات و بیرکردنەوەکانی لەبارەی ژیان و مردنەوە شوێنی زیاتر لە ژماردنی کاتە ئاساییەکان دەگرێتەوە.
کاتێک لیزا، کچی ئیڤان ئیلیچ، کە نایەوێت بۆ ماوەیەکی زۆر لەگەڵ باوکە نەخۆشەکەیدا بمێنێتەوە، بێ تاقەتی نیشان دەدات و سەیری کاتژمێرەکەی دەکات دەڵێت کاتی ئەوە هاتوو بڕۆین بۆ بینینی نمایشەکە، ئیڤانی  نەخۆشی تێڕوانینی خۆی بۆ کات دەگۆڕێت و پەیوەستیشی دەکاتەوە بە خێزانەکەیەوە کات  بەقوڵی دەبێتە ناوەکی (سوبژێکتیڤ) گێڕەرەوە ئاماژە بەوە دەکات کە ئیڤان دەست دەکات بە بەراوردکردنی ئێستا لەگەڵ ڕابردوودا: "لە ڕابردوودا بەرگەی شکستەکانی گرتبوو، بەڵام ئێستا هەموو شتێک شکستە.
ڕابردەوو وەک "ژیان و ڕووناکی" لەکاتێکدا ئێستا وەک "مەرگ وتاریکی" هەڵدەسەنگێنێت. هەروەها ئیڤان ئیلیچ دەست دەکات بە بیرکردنەوە لە داهاتوو، واتە بیر لە تێپەڕبوونی کات دەکاتەوە، لەسەر کۆتایی ژیان، ژیانێک کە هەبووبەڵام لە لەناکاو دەخلیسکێتە ناو ئەو تونێلە ڕەشەوە کە خۆی باسی دەکات.
تۆڵستۆی بەتایبەت لە بەشی هەشتەم و نۆیەمدا، باسی سووڕی ئەبەدی کات دەکات و جەخت لەسەر ئەو  ئازارە  دووبارەبوونەوەیە دەکاتەوە کە پاڵەوان ئەزموونی دەکاتەوە، وەک ئەوەی ئیڤان لە کاتدا گیری خواردبێت، و چۆن وردە وردە کۆنترۆڵی بەسەریدا لەدەست دەدات. ئەم دووبارە بوونەوەیە پاڵەوان دەهاڕێت. 
هەموو ڕۆژێک وەک یەک دەردەکەوێت،  لە خەو هەڵدەستێت، ئازاری هەیە، سەردانی پزیشک دەکات ئازاری هەیە، هەوڵی پشوودان دەدات، ئازار دەچێژێت و چاوەڕێ دەکات هیچ شتێک ناگۆڕێت. کات لای پاڵەوان تەنها بە بازنەیی دەڕوات لەبری ئەوەی بەرەو پێشەوە بێت. هەمان شت دووبارە و سێبارە ڕوودەدات و ئیدی وەک زیندانییەک خۆی دەبینێت کە چاوەروانی ڕۆژی لە سێدارەدانی بێت. کات تەنها جەستەو شکڵی ئیڤان ناگۆڕێت بەڵکو چۆن دەستدەنێتە بینی و بەرەو کیسە ڕەشەکە دەینێرێت. تەنها چاوەڕێی هێرشی داهاتووی ئازار یان ڕۆژی جەفای دواتر دەکات.
ئیدی لەمەو دوا،  جگە لە ئازارەکەی هەست بە گەشتێکی تەنیا دەکات، گەشتێک لەگەڵ مردندا، تێبینی دەکات کە بەڕاستی کەس تێناگات کە بە چیدا تێدەپەڕێت. خێزان و پزیشکەکان باسی نەخۆشیەکەی دەکەن، بەڵام باسی ئەوە ناکەن کە لە ڕاستیدا بڕیارە بمرێت، درک بەوە دەکات کە مردن شتێکە لە بنەڕەتدا دەبێت بە تەنیا ڕووبەڕووی ببێتەوە.
تۆڵستۆی باسی ئەوە دەکات  نەخۆشییەکە نەک هەر بە قەیرانێکی فیزیکی نا بەڵکو بە قەیرانێکی بوونییش وەسفی دەکات. ئیڤان ئیلیچ نەک تەنها تەندروستی خۆی لەدەست دەدات  ژیانی ڕۆژانە و ئەو پەیوەندییانە و هەستی کۆنترۆڵکردنیش لەدەست دەدات کە پێشتر پێکهاتەی ژیانی پێبەخشیبوو.
لە بەشی دەیەمدا ئیڤان وردە وردە لە جوڵە دەکەوێت، ئەگەر جاروبار لەناو ماڵکەی دەجوڵا ئێستا تەنانەت ناشتوانێت لە ژوورەکەیدا بجوڵێتەوە، (دەمووچاوی دەنێت بە دیوارەکەوە و جوڵەی تەواو سنووردار دەبێت،) نەک هەر کات بەڵکو شوێنیش دەگۆڕێت، ئیتر ئیڤان پەیوەندی بە ئۆفیسی کارکردن و ئەو شوێنانەنەی کە کاتی تێدا بەسەر بردووە نامێنێت.  بەڵکو پەیوەندی بەوەوە هەیە کە چۆن هەموو جیهانەکەی وردە وردە بچووک دەبێتەوە و دەگۆڕێت بۆ فەزای مردن. 
سێ ڕۆژەکە
بەشی یانزەهەم بە تووڕەبوونەکەی ئیڤان کۆتایی دێت کە هاوار دەکات: بیکە بەخاتری خوا، لێمگەڕێ با بەدردی خۆمەوە سەربنێمەوە، ئیدی هیچ ئارامییەکی نامێنێت، پاژی دوانزەهەمیش حیکایەتخوان باسی ئەوە دەکات، لە ڕۆمانەکەوە " دوای ئەوە هاوار و ناڵەی پڕئازار و بۆ ماوەی سێ ڕۆژبەردەوام بوو،ناڵەو قیژەی تەواوی ماڵەکەی پڕکردبوو، سێ ڕۆژ بێوەستان ئیڤان هاواری کردووە، سێ ڕۆژ ئازار ومردنی ترسناک، ئیڤان لەو کاتەوە کە ژنەکەی خۆی دەرکرد لە ژوورەکەبۆی دەرکەوت کە مردنی یەکجارییە، وا چاکە دەست لە هەموو هیواکان بەربدات" . بیرکردنەوەیەکی بەم شێوەیە بە مانای خۆبەدەستەوەدان بوو بۆ دۆخێکی تاریکی دەروونی مرۆڤ. تۆڵستۆی ژنەکەی ئیڤان لەوێدا وەک حیکایەتخوان دادەنێت باسی ئەو سێ ڕۆژە دەکات کە کات بۆی نەمابوو لە ناو کیسە ڕەشەکەدا خەباتی دەکرد هێزێکی نەبینراو و بەرگە نەگیراو فشاری هێناو خستیە ناو چاڵەکەوە، مرۆڤ هەرچەند خەبات بکات لێی دەرباز نابێت.
لە ڕۆمانەکەوە " سێ ڕۆژی تەواو لە هەمبەر ئەو هێزە نادیارەدا خۆڕاگریی کردکە دەیویست فڕیی بداتە ناو چاڵەکەوە، ڕاست وەکو مەحکوم بەمەرگێک کە بەدەست جەلادەوە خۆی ڕادەپسکێنی و لێشی ڕوونە ئەو هەوڵ وڕاپسکانە بێ هوودەیە. سات لە دوای سات لەو شتە تۆقێنەر و بەسامەنزیک و نزیکتر دەبووە" 
ئەو سێ ڕۆژە شتێکە کە خەڵکی تر دەیبینن، بەڵام لە دوا جار هێزێکی نەبینراو هەیە کە کە بێدەنگی دەکات، ئەو هێزەش قبوڵکردنە. سێ ڕۆژی ئینتیمی، واتە سێ ڕۆژی، قوڵ لە بیرکردنەوە، سێ رۆژ لە ئەزمون کردن لە دواجاردا قبوڵ کردنی ئەوەی کە بڕیارە بەمرێت. 
سێ ڕۆژ کە لە ڕۆمانەکەدا لە بەشی دوانزەهەمدا چەند جارێک دوو بارە دەبێتەوە، دەشێت تۆڵستۆی بە مانایەکی مێتافۆرێک بەکاری بهێنێت، بەشێوەیەکی ڕەمزی لێکدانەوەی بۆ بکات، لە ئایینی مەسیحیدا و هەروەها لە بیروباوەڕ و ئەفسانە جۆراوجۆرەکانیشدا، سێ ڕۆژ لە کایەی تاریکیدا هێمای پرۆسەی گۆڕانکارییە. ڕۆژێ پێش مردنی ئیڤان ئیلیچ تەنها سێ ڕۆژی ڕۆژمێری نییە، سێ ڕۆژی ئۆبجەکتیڤی نیە، تۆڵستۆی وەک هێما بەکاریان دەهێنێت.
کاتێک دەڵێین کە سێ ڕۆژەکە مانای مێتافۆرییان هەیە، مەبەست ئەوەیە کە نوێنەرایەتی گەشتێکی ناوەوە دەکەن. تاریکی واتای ئازار و مردنە، لە کاتێکدا سێ ڕۆژەکە هێمای ئەو پرۆسەیەن کە ئیڤان ئیلیچ لە ترس و ئینکارییەوە دەڕواتە تێڕوانین و قبوڵکردن. هەر لەبەر ئەمەشە وێناکردنی تۆڵستۆی بە ئایینی مەسیحی و ئەفسانەی تری گۆڕانکارییەوە دەبەستێتەوە.
تۆڵستۆی بە هێمایەکی کۆن و ئایینی و ئەفسانەییەوە دەیانبەستێتەوە، مرۆڤ دەچێتە ناو تاریکی(ئازار، مردن، ئاژاوە) پاشان گۆڕانکاری ناوەوەی بەسەردا دێت مرۆڤ وەک کەسێکی گۆڕاو دێیتە دەرەوە. یان لە ئایینی مەسیحیدا، بۆ ژیانێکی نوێ دێتەوە، پرسیار ئەوەیە بۆچی سێ ڕۆژ بە تایبەتی؟ لە ئایینی مەسیحیدا ڕوونترە هاوتەریبە لەگەڵ  مردن و زیندووبوونەوەی عیسا. لە ئاینی مەسیحیدا عیسا دەمرێت، پاشان لە کایەی مردووەکاندایە و لە ڕۆژی سێیەمدا هەڵدەستێتەوە. بۆیە سێ ڕۆژ بوونەتە هێمای گواستنەوە لە مردنەوە بۆ ژیانی نوێ.
هەروەها مۆتیڤی هاوشێوە لە زۆرێک لە ئەفسانەکاندا دەبینرێت، پاڵەوانێک یان خودایەک دادەبەزێت بۆ ناو تاریکی یان جیهانی ژێرزەوی، تاقیکردنەوەیەکی بەسەردا دێت و بە گۆڕانکاری دەگەڕێتەوە.
ئەمە چۆن پەیوەندی بە مردنی ئیڤان ئیلیچەوە هەیە؟ لە ماوەی سێ ڕۆژەدا، ئیڤان ئیلیچ ئازارێکی زۆر دەچێژێت، دژی مردن لە ناو ئەو کیسە ڕەشەدا دەجەنگێت. پاشان تێدەگات کە بە هەڵە ژیاوە و دەست دەکات بە  بەزەیی بۆ خێزانەکەی واز لە شەڕی مەرگ دەهێنێت و قبوڵ دەکات. 
ئەوە ئەم گۆڕانکارییە ناوەکییەیە کە نووسەر ئاماژەی پێدەکات. بەم پێیە سێ ڕۆژەکە هێمای گۆڕینی ڕۆحی ئەون. لە ڕووی جەستەییەوە تەندروست نابێت و زیندوو نابێتەوە، بەڵکو وەک مرۆڤێک تەنها پێش مردنی دەگۆڕێت.
لێرەدا پەیوەندییەکی هێمادار لە نێوان مردنی ئیڤان ئیلیچ و چیرۆکی ئەفسانەی ئینجیلی یونا یان وەک لای موسڵمانەکان پێی دەڵێن حەزرەتی یونس ڕوون دەکەیەنەوە. ئەو یونسی کوڕی مەتایە و ڕەچەڵەکی دەچێتەوە سەر حەزرەتی ئیبراهیم. هەریەکە چیرۆکێکی هەیە بەڵام لە هەردوو دینەکە چیرۆکە هاوبەشەکە ئەوەیە، حەزرەتی یونس یان یونا، دەکەوێتە ناو دەریاوە و ماسیەک قوتی دەدات لە سکی ماسیەک دەمێنێتەوە، لە ئینجیلدا ماوەی سێ ڕۆژ دەمێنێتەوە و لای موسڵمانەکان تا خەڵکی نەینەوا دەبن بە موسڵمان دەمێێتەوە. چیرۆکی یۆنا ــ یونس ، یەکێکە لە پڕماناترین چیرۆکەکان بۆ هەر مرۆڤێک کە هەست بە "تەنگانە" و "بێ ئومێدی" دەکات. ئەم چیرۆکە کورتە بەڵام زۆر قووڵە.
کتێبی ئینجیلدا بەو شێوەیە باس کراوە کە یونا پێغەمبەرێک بووە و لە لایەن خوداوە  کە ئەرکێکی پێدەسپێرن کە بچێتە شاری نەینەوا و خەڵکی ئەوێ ئاگادار بکاتەوە چونکە خراپەکاری زۆریان کردبوو، بەڵام یونا نەیدەویست ئەو کارە بکات. بە کەشتییەکەوە بەرەو ئاراستەیەکی تر هەڵهات. پاشان زریانێکی گەورە هات. دەریاوانەکان تێگەیشتن کە زریانەکە پەیوەندی بە یونسەوە هەیە و فڕێیاندایە ناو دەریاکە پاشان ماسیەکی گەورە قوتی دا، یونا سێ ڕۆژ  لە سکی ماسیەکەدا بوو. لەوێ دوعای کرد و لە خودا پاڕایەوە و تەوبەی کرد. دوای سێ ڕۆژ ماسییەکە تفی کردەوەو کەوتە سەر وشکانی. پاشان یونا چووە نەینەوا و ئەرکەکەی جێبەجێ کرد.بە شێوەیەکی ڕەمزی چیرۆکی یونا بە واتای،  دابەزین بۆ ناو تاریکی، بۆ ئەوەی دادگایی بکرێت و بۆ گۆڕین و دەستکەوتنی سەرەتایەکی نوێ. یونس ماسییەکی گەورە قوتی دەدات سێ ڕۆژ لە تاریکی و لە حاڵەتێکی مەرگاویدایە دەبێت و پاشان دیسان دێتەوە دەرەوە.  بە هەمان شێوە مەسیحیش سێ ڕۆژ لە ژێر خاکدا دەمێنێتەوە. جیاوازییەکە ئەوەیە، کە ئیڤان ئیلیچ لە ڕووی جەستەییەوە زیندوو نابێتەوە و، بەڵکو لە ناوەوە بە ئاگا دێتەوە و هەست بە خۆشەویستی بۆ دەوروبەرەکەی دەکات قبوڵی مەرگ دەکات، لەبری بیرکردنەوە لە پلە و پایەو ژیانێکی مادی. بیر لە خۆشەویستی خێزان و بەزەیی و میهرەبانی دەکاتەوە. 
لە ڕۆمانەکەوە، لە دوا لاپەڕەی ڕۆمانەکەوە، لە سەر زمانی ژنەکەیەوە بۆمان دەگێڕێتەوە " بمرم بارودۆخەکە باشتر دەبێت، حەزی دەکرد ئەو قسانە بکات. بەلام توانای قسەکردنی نەبوو و زمانی شکابوو، بیریکردەوە " بەڵام بۆ دەبێت بەزمان بیدرکێنم؟ دەبێت بە عەمەلی بیکەم" بە ئاماژە هاوسەرەکەی حاڵی کرد کە ڤلۆدیا بنێرێتە دەرێ، زۆر بە زەحمەت گوتی
ـــ زۆرم خەمی ئەوە... بۆ تۆش زۆر بە پەرۆشم.. هەوڵیدا بڵێ (لێم ببوورە) بەڵام گوتی: 
ــ بیبە دەرێ
لەدڵی خۆیدا گوتی: بەڵێ هەموو شتەکان ڕاست و دروست نەبوون، بەڵام گرنگ نییە دەکرێ باش ببێ.
شەبەقێکی دەدی. هەوڵی دا گوشار بۆ مێشکی خۆی بێنێ و فکرەکانی کۆبکاتەوە (ئازارەکە لە کوێێە؟)
" بەڵێ، ئەوەتا لێرەیە"
ترسی چی؟ کامە مەرگ؟ ترسێک لە گۆڕێدا نەبوو
چونکە هیچ مەرگێک بوونی نەبوو.
بەجێی مەرگ ڕووناکی هەبوو.
لە ناکاو بە دەنگێکی بەرز گوتی
ــ کەوایە ئەوەیە چ چێژێکە ئۆقرە گرتن، چ خۆشییەکە
لێرەدا نووسەر باسی دوا ساتەکانی ئیڤان ئیلیچ دەکات و وەک ئەزموونێکی عیرفانیی یان ڕۆحی لێکدەداتەوە.
ژیان لە ئێستادا،  لە ڕۆمانەکەی تۆڵستۆیدا وەک حاڵەتی ڕۆحی پاڵەوان (هۆشیاری بەئاگابوو)، وەک حاڵەتێکی ڕۆشنگەر و ئامادەبوونی بەدیقەتمان پێشەکش دەکات، کە تێگەیشتن بەسەریدا زاڵ بوو، چونکێ ئیڤان دەستی بە گوێگرتن کرد بۆ یەکەمجار لە کاتی گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ڕۆحدا ئەم حاڵەتە ئەزموون دەکات، کە وەک ساتێکی بێدەنگی ناوەکی، تەرکیزکردن وەسف دەکرێت، ئەو بێدەنگ بوونە سەرەتای دروست بوونی هوشیاری گوێگرتنە
هەوڵیدا  ئەو ترسە کۆنەی لە مردن  هەیبوو وەربگرێتەوە، بەڵام نەیتوانی بیدۆزێتەوە. ئەوەش بە مانای ئەوەی کە ترسی لە مەرگ نەماوە، بەڵام خودی مەرگ هەرماوە، بەڵام ترسەکە وون بوو. ئەمەش شێوازێکی ڕەمزییە بۆ ئەوەی بڵێین مەرگ دەسەڵاتی بەسەریدا نەماوە، چونکێ ئیدی ترس نەماوە. هەر ئەم ڕزگارییە ناوەکییە کە تۆڵستۆی دەیەوێت وێنای بکات.
لە کۆتا ساتی ڕۆمانەکە گۆڕینی ناوەوەی ئیڤان ئیلیچ نیشان دەدات، کە بەداخ بوو بۆیان، بەزەیی بە منداڵاکان و خێزانەکەیدا دێتەوە. یەکەمجارە بە پلەی یەکەم بیر لە ئازارەکانی خۆی ناکاتەوە، بەڵکو بیر لە ئازارەکانی ئەوان دەکاتەوە. بیر لەوە دەکاتەوە کە دەبوو بەجۆرێک مامەڵە بکات کە  نەدەبوایە ببێت بە ئازار بۆیان. چیتر نایەوێت لە پێناو خۆیدا دەست بە ژیانەوە بگرێت. دەیەوێت ئازارەکانی خێزانەکەی کەم بکاتەوە.
لێرەدا تێدەگات کە خەباتی دژی مردنەکەی ئازارەکان گەورەتر دەکات، چ بۆ خۆی و چ بۆ ئەو کەسانەی خۆشیان دەوێت. بە قبوڵکردنی مردن دەتوانێت هەم ئەوان و هەم خۆی ئازاد بکات، بۆی دەردەکەوێت کە چارەسەر بەرەنگاربوونەوەی مردن نییە، بەڵکو قبوڵکردنیەتی.
لە ڕۆمانەکەوە
"ئیڤا ئیلیچ خۆی بانگەوازی مردن دەکات،: مردن؟ لە کوێیە؟
مردن؟ لە کوێیە؟
ئێستا بەدوای ئەو مردنەدا دەگەڕێت کە پێشتر ئەوەندە لێی دەترسا، لەبری مردن ڕووناکی هەبوو"
لەو کاتەی کە دەڵێت مەرگ نەما، هەرچەند لە ڕاستیدا دوای چەند ساتێکی کە دەمرێت، بەڵام  ئەوەی نامێنێت ترسی مردنە، بە درێژایی ڕۆمانەکە ئیڤان شەڕی مردنی کردووە لە دوا ساتیدا بیری لەوە کردۆتەوە، لە ڕووە سایکۆلۆژیەکەوە دەتوانین بڵێین مەرگ دەسەڵاتی بەسەر ئێمەدا هەیە تا ئەو کاتەی لێی بترسین،  کاتێک ئیڤان واز لە ترس دەهێنێت، دەسەڵاتی خۆی لەدەست دەدات. ئەمەش مانا عیرفانییەکەیەتی کە تۆڵستۆی ڕۆحێکی عیرفانی هەبوو،مەبەست ئەوەیە کە لە ساتەوەختی مردندا ئیڤان ئیلیچ ئەزموونێکی عیرفانیی بێ کات، مانای قووڵی هەیە. مردن کە پێشتر تاریکی بووە، لەبری ئەوە دەبێتە ڕووناکی. بۆیە مردنی نەک تەنها دەبێتە کۆتایی، بەڵکو دەبێتە رزگاری ناوەوە و گۆڕانکاری. تۆڵستۆی مەرج نییە بانگەشەی ئەوە بکات کە ئیڤان ئیلیچ بەڕاستی وەحییەکی ئایینی هەیە، نەخێر بەڵکو ئەو لێکدانەوەی ئەدەبی بۆ کۆتاییەکە دەکات و چەمکەکانی عیرفان بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی ڕوونی بکاتەوە  باسی چی دەکات.
 مانای عیرفان بە تێکڕایی کاری کەسێکە دەیەوێ خۆی بناسێ؛  بۆ هاتووە؟ بۆ کوێ دەچێ؟ دەبێ چی بکا؟ هەرچەندە تۆڵستۆی باوەرژار بوو بەڵام بەمانای ئەوە نییە بانگەشەی دینی دەکات. تەنانەت بەبێ لێکدانەوەیەکی ئایینی، ڕووناکی دەتوانێت هێمای تێگەیشتن بێت. جاران ئیڤان بۆ پێگە و پیشە و ئەوەی خەڵکی دیکە بیری لێدەکەنەوە ژیاوە.، بەڵام ساتە وەختی مردنی، دوای بینینی ڕوناکی ئیدی تێدەگات کە بەڕاستی چی گرنگە،  خۆشەویستی، بەزەیی و ڕەسەنایەتی، بەو شێوەیە ڕووناکی دەبێت بەعەقڵ، ئەم بیرۆکەیەش لەلای چەند فەیلەسوفێکی ڕواقیەکان هەیە، چونکەی ڕواقیەکان (Stoikerna ) پێیان وایە مرۆڤ دەبێت بەپێی عەقڵ بژی و ئەوەی کە ناتوانێت کۆنتڕۆڵی بکات وا باشە قبوڵی بکات. بە بڕوای ڕواقیەکان ، بەو پێیەی مردن شتێکە کە کەس ناتوانێت خۆی لێی بەدوور بگرێت، بە دیدی ئەوان بێمانایە کە هەموو ووزە و هێزمان لە هەوڵی ڕزگاربوون خەرج بکەین. گرنگ ئەوەیە چۆن پەیوەندی پێوە بکەین.
 سێنیکای فەیلەسوف Seneca کە یەکێکە لەفەیلەسوفە رواقیەکان، پێیان وابوو کە ئێمە ناتوانین کۆنتڕۆڵی مردن بکەین، چونکێ هەموومان دەمرین ، مەرگ کارێکی حەتمییە،  ئەوان باوەڕیان وابوو کە ئێمە مردن هەڵنابژێرین ئەوەی بەسەرمان دێت، بەڵکو دەتوانین هەڵوێستی خۆمان بەرامبەر مەرگ وەربگرین. هەر ئەم بیرۆکەیە کە گەشەسەندنی ئیڤان ئیلیچ لە کۆتایی ڕۆمانەکەدا دەهێنێتەوە
ئەگزیستانسیالیستەکان ( الوجودیە) پێیان وابوو مرۆڤ کاتێک ئازادتر دەبێت کە مەرجەکانی ژیان قبوڵ بکات لەبری ئەوەی لێیان ڕابکات، ئەوەش دیدێکی فەلسەفی بونگەرایی پاڵەوانەکەیە. پێدەچێت تۆڵستۆی بیەوێت پێمانبڵێت ئەوە مردن نییە کە گەورەترین کێشەی مرۆڤە، بەڵکو ئەوە ترسی مردن و ژیانێکی ناڕاستەقینە و دروستکراوە کە کیشەی مرۆڤەکانە. تۆڵستۆی لەوەش زیاتر دەڕوات. بۆ ئەو قبوڵکردنی مردن بەس نییە. هەروەها ئیڤان لە ڕێگەی خۆشەویستی و بەزەیی و گۆڕانکارییەکی ڕۆحی مانا دەدۆزێتەوە. هەر بۆیە ڕۆمانەکە بە "ڕووناکی" کۆتایی دێت، کە زۆر کەس وەک نیشانەی ئاشتەوایی ڕۆحی یان ئایینی لێکدەدەنەوە. 
ئەمە یەکێکە لەو بڕگانەی کە زۆرترین مشتومڕی لەسەر ڕۆمانی مەرگی ئیڤان ئیلیچ دا هەیە، و دەتوانرێت بە چەندین شێوەی فەلسەفی لێی تێبگەین. تۆڵستۆی وەڵامێکی سادە ناداتەوە، بەڵکو ڕێگە بە خوێنەر دەدات لێکی بداتەوە کە "ڕووناکی" مانای چییە.




PM:12:35:11/07/2026