هەولێر.. کچێک: وێنەی ڕووتی خۆم بۆ نارد، ئەو هەڕەشەی لێ کردم

بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ژنان لە هەولێر باس لە کچێک دەکات کە بەهۆی ئەوەی کوڕێک هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەی ڕووتی لێ کردبوو، ویستبووی خۆی بسوتێنێت.

لە میانی وتارێکیدا بۆ ڕووداو، ژیلەمۆ عەبدولقادر، بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ژنان لە هەولێر دەڵێت "کچەکە دەستی بە گێڕانەوەی بەسەرهاتەکەی خۆی کرد و گوتی لە ڕێگەی فەیسبووک و ئینستاگرامەوە کۆڕێکی ناسیوەوە و خۆشیویستووە، بەڵام نەیزانیوە کوڕەکە فێڵی لێ دەکات، کوڕەکە تەنیا جارێک وێنەی خۆی بۆ ناردووە بەڵام ئەم زۆر متمانەی بە کوڕەکە هەبووە، چەندین جار وێنەی بۆ دەنێرێت تا کار گەیشتووەتە ئەوەی وێنەیەکی خۆی بە ڕووتی بۆ دەنێرێ".

ناوبراو بەردەوام دەبێت لە گێڕانەوەی چیرۆکی ئەو کچە و دەڵێت "کوڕەکە هەڕەشەی لە کچەکە کردبوو کە دەبێت بچێتە ماڵیان یان ئەم دێتە ماڵیان و دەبێت خۆی بۆ ڕووتبکاتەوە، بەڵام کچەکە لە ترسی کەسوکارەکەی نەیوێرابوو ئەو داواکارییەی بۆ جێبەجێ بکات، کچەکە زۆر هەوڵی دابوو پەشیمانی بکاتە، بەڵام سودی نەبوو کوڕەکە پێی گوتبوو ئێستا وێنەکانت لە ئەکاوەنتێکی دیکەم دەبینیم کوڕەکە هەڕەشەکەی دەباتە سەر و بۆ چرکەیەک وێنەی ڕووتی کچەکە لە ئەکاوەنتێکی دیکە بڵاودەکاتەو پاشان لایدەدات و پێی دەڵێت ئەوە نیوەشەوە کەس نەیبینی بەڵام ئەگەر بەیانی داواکارییەکەم جێبەجێ نەکەیت ئەوا دوبارە بڵاوی دەکەمەوە، بۆیە کچەکە زۆر ترساوە و بڕیاریداوە خۆی بسوتێنێ، بەڵام دایکی نەیهێشتووە".

ژیلەمۆ دەڵێت کە توانیویانە لە ڕێگەی پەیج و ئەکاوەنتی ئینستاگرامەکەیەوە کوڕەکە بدۆزنەوە و وتویەتی کە پەیجێکی هەیە و کچەکە شیعری بۆ ناردوون ئەویش لەو ڕێگەیەوە خۆی لە کچەکە نزیک کردووەتەوە، کوڕەکە دنی بەوەدا ناوە هەڵەی کردووە بەڵام وتویەتی "وێنەکە زۆر ڕوون نەبوو بەس کچەکە دەیزانی کە خۆیەتی و دەیناسییەوە".

بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ژنان لە هەولێر دەشڵێت کە کوڕەکە بەڵێنی داوە ئەو کارە دووبارە نەکاتەوە و دایک و کچەکەش بڕیاریانداوە سکاڵای لەسەر تۆمار نەکەن، ئاماژەش بۆ ئەوە دەکات کە گەر بهاتایە داوای یاساییان تۆماربکردایە، ئەا کوڕەکە بە پێی مادەی دوو لە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی دادگایی دەکرا و زیندانی دەکرا بۆ ماوەیەک کە لە شەش مانگ کەمتر نەبێت و لە پێنج ساڵ زیاتر نەبێت، هەروەها بژاردن کە کەمتر نەبێت لە ملیۆنێک دینار و زیاتر نەبێت لە پێنج ملیۆن دینار.




AM:10:59:01/08/2016