گەزیزە عومەر دوای دابڕانێکی زۆر بە بەرهەمێکی نوێ دەردەکەوێتەوە

پاش دابرانێكی زۆر ئەکتەری دیاری کورد (گەزیزە عومەر) لە كارێكی نوێدا دەگەڕێتەوە سەر تەختەی شانۆ و پەیامێکی گرنگی پێیە.

تیپی شانۆی هاورێیانی گەزیزە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەیان بەوەکردووە" تیپی شانۆی هاورێیانی گەزیزە لە دوا بەرهەمیاندا شانۆیی (دۆزەخێك بوو) نمایش دەكەن، كە لە نوسین ‌و دەرهێنانی گەزیزە خۆیەتی و هەریەك لە (گەزیزە عومەر، میدیا رەئوف بێگەرد، شیلان عەبدولا) وەك ئەكتەر رۆڵ دەبینین‌ و هونەرمەندی موزیسیان (نەوژین محمد) كاری موزیكی شانۆییە دەكات‌ و وەك ئەكتەر لەسەر تەختەی شانۆ رۆڵی دەبێت".

ئەوەشیان خستەڕوو، شانۆی (دۆزەخێك بوو) باس لە پرسی ژنانی رزگاربووی ژێر دەستی داعش دەكات، ئاماژە بەو لێكەوتە و كاریگەرییە نەرێیانەی ئەو ژنانە دەكات كە چۆن دووبارە وێرانی قوربانی دەستی كلتوورە كۆمەلایەتیەكان قوربانی جەنگ و سیاسەتن، كە ئامانجی ئەم شانۆییە گەیاندنی دەنگی بڵندی ئەو ژنانەیە بە سەركردایەتی سیاسی كورد و نەتەوەیەكگرتووەكان.

بەرێوەبەری بەرهەمی شانۆییەكە هونەرمەند (رێباز محمەد جەزا)یە و (بێستان سالار) بەرێوەبەری شانۆیە، بڕیارە ڕۆژی (٩)ی ئەم مانگە بۆ یەکەم جار لە شاری سلێمانی نمایش بکرێت.

گەزیزە عومەر عەلی ئەمین لە ساڵی (١٩٦١) لە سلێمانی لە دایکبووە، ھونەرمەندێکی شانۆکارە، لە (١٩٨٨) بەشی شانۆی لە پەیمانگای ھونەرە جوانەکانی بەغداد تەواو کردووە، دواتر دەبێت بە بێژەری ڕادیۆی لە بەشی کوردی رادیۆی بەغداد، دواتر مامۆستای شانۆی لە پەیمانگای ھونەرە جوانەکانی سلێمانی، دوای چواردە ساڵ لە خزمەتی پەیمانگا ڕێژەی خزمەتەکەی دەگوازرێتەوە بۆ وەزارەتی ڕۆشنبیری، ناوبراو بە یەکێک لە ئەستێرە درەوشاوەکانی بواری شانۆ و سینەما دادەنرێت لە کوردستاندا و خاوەنی چەندین بەرهەمی شانۆییە وەک (دەرهێنەر، ئەکتەر، نووسەری تێکستی شانۆیی). 



PM:11:43:06/12/2021