نەرمین قادر باری تەندروستی ناجێگیرە

بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی خەندان، خانمە ئەكتەری ناسراوی كورد نەرمین قادر باری تەندروستی ناجێگیرە و پێویستی بە چارەسەرە لە دەرەوەی وڵات.
لۆلان، كچی ئەو ژنە هونەرمەندە، بە خەندانی ڕاگەیاندووە "لەئێستادا باری تەندروستی دایكم تێكچووەو تووشی خەمۆكی بووە، پێشتریش نەخۆشییەكانی شەكرە و فشاری خوێن و خێرالێدانی دڵی لەگەڵدابووە، ئەو حەب و دەرمانانەش كە وەك چارەسەر بەكاریهێناون‌، كاریكردۆتە سەر گورچیلەكانی".
دەشڵێت "دكتۆرەكان پێیانڕاگەیاندووە كە بۆ چارەسەر پێویستی ‌بە نەخۆشخانەكانی دەرەوەی وڵات هەیە، بۆ ئەو مەبەستەش رۆژی شەممەی داهاتوو دەگەیەنرێتە نەخۆشخانەكانی تاران".
نەرمین قادر، ساڵی 1962 له ‌گەڕەكی كانێسكانی شاری‌ سلێمانی لەدایكبووە‌، ‌ساڵی 1982 لە یەكەمین كاری هونەری خۆیدا، بەشداری لە درامای "تەنەكە" دا كردووە، ئەمەش بوەتە هۆی ناساندنی و دەرخستنی تواناكانی لەبواری نواندندا.
‌دوای بەشداریكردنی‌ له ‌شانۆگەری "جەنابی وەزیر" كە تیایدا رۆڵی ژنی سەرۆك وەزیرانی‌ بەرجەستە كردووە‌، لەسەر داوای هونەرمەند بەرزان قادر‌ بوەتە ئەندامێكی بەرنامەی "بەرنامە" لە كەناڵی ئاسمانی كوردسات، دواینن كاریشی، بەشداریكردن بوو لە درامای "كەركوك4". 
ساڵی 2011 شاری سلێمانی جێهێشتووە، ماوەیەك لە هەولێر نیشتەجێ بووە و دواتر روویكردوەتە قەزای رانیە.
وەك لۆلان-ی كچی ئاماژەی پێدا، نەمرین قادر خاوەنی زیاتر لە 40 خزمەتی هونەری كوردی و 30 ساڵ خزمەتی مامۆستایەتییە.




PM:02:17:17/07/2014