وێنە.. ئەڤین ئاسۆ دوای دوو ساڵ بێدەنگی شكاند و لەسەر پرسێکی گرنگ قسە دەکات

خانمە پێشكەشكاری ناسراوی باشووری کوردستان ئەڤین ئاسۆ پاش دوو ساڵ دیارنەمانی لەسەر شاشە، ئەمڕۆ لە ڕۆژی جیهانی ژناندا پەیامێكی گرنگی بڵاوكردەوە و دەڵێت" وەک مرۆڤبوون لە ئافرەتان بروانن و  توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان ڕاگرن". 

ئەڤین ئاسۆ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك پەیامێكی بە ناونیشانی (ئەمڕۆ ناتوانم ھیچ نەڵێم ) بڵاوكردەوە و تێیدا نوسیویەتی" زۆر ھاوار ھەن دەرمان نەبڕیون، زۆر وشە ھەیە نەمانتوانیوە بیانڵێین، زۆر گرێ لە  ناخماندا ھەن کە نەکراونەتەوە، بە بیانوی جیاواز و لە ژێر ناوی جیاواز ھەتا ئەم ساتەش ژن دەکوژرێت و تیرۆری جەستەیی و رۆحی و دەرونی دەکرێت تکایە وەک مرۆڤبون لە ئافرەتان بروانن و  توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان ڕاگرن".

ئەوەشی خستەڕوو، ژنان و ئافرەتان بە درێژایی مێژوو لە ھەر چوار پارچە ڕۆڵی جوان و کارا و کاریگەرییان لە بوارە جیاوازەکان بینیوە بەشێکیان لە لوتکەی دەسەڵات بوون و بەشێکیش بە کارە مرۆڤ دۆستانەکانیان بونەتە سمبول. 

لە بەشێكی دیکەی بڵاوکراوەکەیدا پەیامێك ئاڕاستەی خانمان دەکات و دەڵێت" لە ئێستادا وێنا جوان و تایبەتە پڕتواناکانتان نیشانبدەن واز لە شتی لاوەکی بھێنن، بیسەلمێنن ئافرەت لێھاتوو و کارامەیە توانای کار و بەڕێوەبردن و گرتنە دەسەڵاتی لە سەرجەم دامەزراوە و پلە و پۆستەکان ھەیە، تا چیدیکە  ئافرەت نەبێتە قوربانی توندوتیژییەکان و بۆ ڕیشەکێشکردنی ھەموو جۆرە جیاکاری و نادادپەروەرییەک". 

لە كۆتاییشدا ناوبراو باس لەوە دەکات، بۆ داھاتوویەکی باشتر و کۆمەڵگەیەکی پڕ لە ڕەنگ پێویستە جددیتر لە پرسی ژن بروانن، پیرۆزبێت ڕۆژی جیھانی ئافرەتان. 

پەیامەکەی ئەڤین ئاسۆ لە کاتێکدایە، ماوەی دوو ساڵە لەسەر شاشە دوركەوتوەتەوە و هیچ چالاكییەكی خۆی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاونەكردوەتەوە.

ئەڤین لە ١ی کانوونی دووەمی ١٩٨٦ لە گەڕەکی دەرگەزێنی شاری سلێمانی لەدایکبووە، لە خوێندنگەی سورکێو کە تێیدا خوێندکار بووە کاری شانۆیی کردووە. چەند ساڵێک لەمەوبەر یەکەمین ئەزموونی پێشکەشکردنی لە ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی «پارێزگاران»ی پارتی پارێزگارانی کوردستانەوە دەست پێکرد، پاشان چووەتە ڕادیۆی نەوا و بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک پێشکەشکاری سەرەکیی بەرنامەی «سروەی نەوا» و بەرپرسی هاماهەنگیی بەرنامەکانی ئەو ڕادیۆیە بوو.

دواتر دەچێتە کۆمپانیای ئارت، لە ڕێی کارەکانی ئەو کۆمپانیایە و دواتریش کەناڵ ٤ و بەرنامەکەی «ئەڤین ژن و ژیان»ەوە ناوبانگێکی زۆری پەیداکرد. ئەو بەرنامانەی تاکوو ئێستا کار و پێشکەشکاری تێدا کردوون بریتین لە (میڤان شۆ، چەرخ و فەلەک، من جیاوازم، تۆ نموونەی، ملیۆنێر، ئارامۆ شۆ و ئەڤین ژن و ژیان)، تا ئێستا لە ھەریەکە لە کەناڵە ئاسمانییەکانی (زاگرۆس تیڤی، کۆڕەک، كەناڵ ٤، کوردماکس و نێت تیڤی) کاری کردووە. 



PM:02:07:08/03/2022