ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە ٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ هونەرمەندی بواری نواندن و سینەما و شانۆی كوردی زاهیر عەبدوڵا، بەهۆی تووشبوونی بە نەخۆشی شێرپەنجەوە کۆچی دوایی کرد.
ئێوارەی ئەمڕۆ هونەرمەند زاهیر عەبدوڵڵا، بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە لە نەخۆشخانەی رزگاری شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد و بڕیارە سبەینێ یەکشەممە لە گۆڕستانی کەسنەزان تەرمەکەی ئەسپەردەی خاک بکرێت.
ڕۆژی ٢٧ی حوزەیرانی ئەمساڵ زاهیر عەبدوڵا بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی تورکیا کرا و دوای ماوەیەک لە وەرگرتنی چارەسەر گەڕایەوە هەولێر.
زاهیر عەبدوڵا ساڵی ١٩٥٨ لە گەڕەکی تەیراوەی شاری ھەولێر لە دایکبووە و هونەرمەندێکی دیاری کوردستانە کە لە چەندین دراما و شانۆدا بەشداری كردووە.