پەرواز حسێن خەریکی وێنەگرتنی فیلمێکی دۆكیومێنتارییە

خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد پەرواز حوسێن، دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو گەڕایەوە ھەرێمی کوردستان، بڕیارە چیرۆکی ژیانی خۆی بکات بە فیلمێکی دۆكیومێنتاری.

پەرواز حسێن لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئینستاگرام پۆستەری  فیلمە نوێیەكەی بە ناوی (تێدەپەڕێت) بڵاوكردەوە كە فیلمێكی دۆكیومێنتارییەوە و پەرواز لە فیلمەکەدا باس لە چیرۆکی ژیانی خۆی و ساتەکانی تووشبوونی خۆی بە نەخۆشی شێرپەنجە باس دەکات. 

فیلمە نوێکەی پەرواز لە دەرهێنانی رێگا بەرزنجییە و (سی سی فیلم) كاری بەرهەمهێنانی بۆ کردووە. 

ڕۆژی ١٥ی ئایاری ئەمساڵ پەرواز ئاشکرایکرد کە لەگەڵ نەخۆشی (شێرپەنچەى ڕیخۆڵە) دەجەنگێک و چەند مانگێکە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی لە دەرەوەی کوردستانە، ڕۆژی ٣ی ئەم مانگەش پەرواز حسێن گەڕایەوە ھەرێمی کوردستان و لەلایەن گۆران ساڵحەوە لە فڕۆکەخانە نێودەوڵەتی هەولێر بە چەپكە گوڵ پێشوازی لێکرا.

پەرواز حسێن لە ساڵی ١٩٨٩ لە شاری رانییە لە دایکبووە، ئێستا لە شاری هەولێر نیشتەجێیە، چەند ساڵێک پێش ئێستا هاوسەرگیری لەگەڵ هونەرمەند (گۆران ساڵح) کردووە کە خاوەنی دووکچن بە ناوەکانی (گلێنە و گۆنا)، پەرواز ساڵی ٢٠١٣ لە کێبرکێی عەرەب ئایدڵدا وەک کچە گۆرانیبێژێکی کورد ناوبانگێکی باشی دەرکرد، لە ئێستاشدا خاوەنی چەندین بەرهەم و ڤیدیۆ کلیپە بە زمانی کوردی و عەرەبی.



PM:01:17:11/12/2024