هونەرمەند و گۆرانیبیژی بە رەگەز سوری، جۆرج وسوف، لەبارەی پێشهاتەکانی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد و کۆنترۆڵکردنی سووریا لەلایەن حەیعەت تەحریر شام، یەکەم لێدوانی دا و دەڵێت" هیوای سەلامەتی بۆ گەلی سووریا".
جۆرج وسوف لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس)، ڕایگەیاندووە" هیوادارم سوریا، نیشتمانم، ئایندەیەکی گەش و گشتگیر بەسەریدا زاڵ بێت بە خۆشەویستی و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی، ئایندەیەکی شایستەی گەلە ئازیزەکەی".
ئەمە یەکەم هەڵوێستی ئەو هونەرمەندە بەناوبانگەی سوریایە کە نازناوی (سوڵتانی تەراب)ی لێنراوە، دوای ڕووخانی ئەسەد کە هەفتەی ڕابردوو لەلایەن کوتلە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە دەستیپێکرد.
جۆرج وسوف بە دۆستایەتی لەگەڵ بەشار ئەسەد سەرۆکی پێشووی سوریا ناسرابوو، چەندین سەردانی گشتی بۆلای ئەنجامداوە، تۆمارەکانیش لە میدیاکاندا بڵاوکراونەتەوە.
جێگای سەرنجە کە زۆرێک لە هونەرمەندانی سوریا هەڵوێستی خۆیان دەربڕی سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی سوریا، دوای ئەوەی کوتلە چەکدارەکانی سوریا دیمەشقیان کۆنترۆڵکرد، لەوانە ئەیمەن زیدان، ئەیمەن ڕێدا، سولەف فەواخێرجی، دورەید لەهام و چەندانی تر.
جۆرج وسوف لە ساڵی ١٩٦١ لە شاری کافیرونی سوریا لە دایکبووە، لە ساڵی ١٩٧٦ دەستی بە گۆرانی وتن کردووە، خاوەنی زیاتر لە ٣٠ ئەلبومی گۆرانیە، ھەوادارێکی زۆری ھەیە لەسەرتاسەری جیھان.