ئەمڕۆ یەکشەممە، هونەرمەندی میسری نەبیل حەلەفاوی لە تەمەنی ٧٧ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، ئەمەش دوای ئەوەی بەهۆی کێشەی سنگەوە تووشی قەیرانی تەندروستی سەخت بوو.
میدیاکانی میسر بڵاویانکردەوە" ئەمڕۆ باری تەندروستی حەلەفاوی تێکچووە، بەو پێیەی لە سێشەممەی ڕابردووەوە لە ژێر چاودێری چڕی پزیشکیدایە".
ئاماژە بەوەشدەکەن، نەبیل حەلەفاوی ئەمڕۆ بەهۆی کێشەی سنگەوە لە تەمەنی ٧٧ ساڵیدا لە نەخۆشخانە کۆچی دوایی کرد.
حەلەفاوی ساڵی ١٩٤٧ لە گەڕەکی سەیدە زەینەب لەدایکبووە، دوای تەواوکردنی خوێندنی لە بەشی بازرگانی، پەیوەندی بە پەیمانگای هونەرە دراماکییەکانەوە کردووە و لە ساڵی ١٩٧٠ دەرچووە، لە ڕێگەی شانۆوە دەستی بە کارە هونەرییەکانی کردووە، لەوێشەوە دەستی بە کارەکانی هونەری کردووە چەندین شانۆنامەی پێشکەشکرد، پاشان بەرەو تەلەفزیۆن ڕۆیشت و یەکەم بەرهەمی لە تەلەفزیۆندا زنجیرە درامای (محەممەد، پێغەمبەری خودا) بوو، بەشی یەکەمی لە ساڵی ١٩٨٠ پەخشکرا.
هەروەها نەبیل بەشداری لە زۆر بەرهەمی سینەماییدا کردووە، دیارترینیان (بە زنجیر بەسترابووم بە کەسێکی نەناسراو، نرخی نامۆبوون، دادگا و خەڵکی هەژار ناچنە بەهەشت".
دوایین بەشداری هونەری هونەرمەندی کۆچکردوو لە کاتی فیلمی (ڕادەستکردنی گەل) بوو کە لە ساڵی ٢٠٢٢ نمایشکرا کە هونەرمەند دۆنیا سەمیر غانم، هونەرمەند هیشام مەجید ڕۆڵی سەرەکیان تێدا گێڕا.