خانمە گۆرانیبێژێک دوای ئەوەی بەبێ حیجاب کۆنسێرتێکی ئەنجامدا دەستگیرکرا (ڤیدیۆ)

دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران خانمە گۆرانیبێژێکی بەناوبانگیان دەستگیرکرد کە چەند ڕۆژێک پێش ئێستا بەبێ ڕەچاوکردنی  حیجاب کۆنسێرتێکی سازکرد، بەپێچەوانەی یاسا توندەکانی حکومەتی ئەو وڵاتە، هەروەها دوو ئەندامی تیپی میوزیکەکەشی دەستگیرکران.

ئەو گۆرانیبێژە بەتوانا ئێرانییە ناوی پەرەستوو ئەحمەدی-یە و بەبێ لەبەرچاوگرتنی باڵاپۆشی، کۆنسێرتێکی میوزیکی ساز کرد کە بەشێوەیەکی راستەوخۆ لە کەناڵی یوتوبی تایبەتی خۆی پەخشیکرد و لە کاتی نمایشەکەیدا جلێکی کراوەی لەبەردا بوو.

هەروەها لای خۆشییەوە میلاد پەناهپوور، پارێزەری ناوبراو، ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند" لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە لە پارێزگای مازندەران دەستبەسەرکراوە، هاوکات دوو موزیکژەنی تیپەکەی لە ستۆدیۆی میوزیکیان لە تاران دەستبەسەرکراون". 

ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوەشکردووە، نازانێت ئەو سێ کەسە لە کوێ ڕاگیراون، وا دیارە هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵ دەرەوەدا نییە.

کۆنسێرتەکەی ئەو خانمە هونەرمەندە گۆرانیبێژە لە سۆشیال میدیا لەلایەن خەڵکی ئێرانەوە پێشوازییەکی گەرمی لێکرا و زۆر کەس لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات لە میدیای ئەلیکترۆنیدا ستایشی ئەو گۆرانیبێژەیان کرد، بەهۆی ئەو کارە ئازایەی کە سەرپێچی لە یاسای جل و بەرگی توندی ژنان لە ئێران کردووە. 

هاوکات چالاکوانانی سۆشیال میدیا پێیانوابوو کە ڕەنگە پەرستۆ بەهۆی جلوبەرگەکەیەوە ڕووبەڕووی توندترین سزا ببێتەوە، بەڵام ستایشی بوێریەکەیان کرد. 

پەرستۆ ئەحمەد ساڵی (١٩٩٧) لە شارۆچکەی نوشەهری سەر بە پاریزگای مازندەران لە دایکبووە، لە کاتی شۆڕشی (ژن ژیان ئازادی) پەرستۆ بەرهەمێکی بە ناوی (خوێنی گەنجانی گەل) پێشکەشی بەشداربووانی خۆپیشاندانەکان کرد، بەڵام لە (٢٠٢٣)دا لەلایەن دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دۆسییەی دادوەری لە دژی كرایەوە و دادگاییکرا. 



PM:06:43:15/12/2024