گڵکۆی هونەرمەندى بەناوبانگى کورد حەسەن زیرەک لە شارى بۆکانی ڕۆژهەڵاتی شێوێندرا و کێلەکەی تێکدراوە.
بەپێی هەواڵی میدیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دوێنێ پێنج شەممە لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراو، هێرشکرایە سەر گڵکۆی هونەرمەندی کۆچکردووی دیاری کورد حەسەن زیرەک و کێلی گۆڕەکەی تێکدرا و بەردی گڵکۆکەیان شکاند.
ئاماژە بەوەشدەکەن، ڕووداوەکە نیگەرانی لای هونەرمەندان و هەوادارانی ئەو هونەرمەندە بەناوبانگە لێکەوتووەتەوە و داوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون دەکەن، بەڵام تائێستا نەزانراوە کێ ئەو کارەی کردووە.
دواى شکاندنى کێلى گۆڕەکەی حەسەن زیرەک ئێوارەی دوێنێ لەلایەن شارەوانی بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە چاککرایەوە.
حەسەن زیرەک ٢٩ی تشرینی دووەمی ١٩٢١ لە بۆکان لە دایکبووە، ھونەرمەند، مۆسیقازان و گۆرانیبێژێکی کورد بو، بە یەکێک لە بەناوبانگترین ھونەرمەندانی کورد ھەژمار دەکرێت، بەرچاوترین کاری ئەو کۆکردنەوەی گەنجینەیەک لە ھونەری ئاواز و گۆرانی کوردییە کە بە دەنگی ئەو وتراونەتەوە، حەسەن زیرەک بەھۆی گۆرانییەکانی لە ناو کوردەکانی ڕۆژھەڵات و باشوور ناسراوە، لە ساڵی ١٩٧٢ لە شاری بۆکان کۆچی دوایی کرد و ھەر لەوێش بە خاک سپێردرا.