مەنسور یاقوتی نوسەر کۆچی دوایی کرد

نوسەرێکی کوردی ناوداری کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان مەنسووری یاقووتی ئەمڕۆ شەممە بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد. 

میدیاکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاویانکردەوە" نیوەڕۆی ئەمڕۆ مەنسووری یاقووتی ناسراو بە گوڵباخی کە نووسەرێکی ناوداری کرماشانە، بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە کۆچی دوایی کرد". 

مەنسوور یاقووتی ساڵی ١٩٤٨ لە یەکێک لە گوندەکانی شاری سونقوڕی سەر بە پارێزگای کرماشان لەدایکبووە، قۆناغەکانی خوێندنی لە کرماشان تەواوکردووە و لە سەرەتای دەیەی ٧٠دا بووەتە مامۆستا.

مەنسوور یاقووتی ساڵی ١٩٨٠ و لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران بەبێ ئەوەی هیچ سکاڵایەک لە دژی تۆمار کرابێت لەسەر کارەکەی لابرا و دواتر لەگەڵ کاری نووسین کرێکاریشی دەکرد.

مەنسوور نووسەر، شاعیر و ڕەخنەگرێکی کوردی کرماشانی ڕۆژھەڵاتی کوردستانە، هەروەها لەسەر فولکلۆری کوردی ناوچەی کرماشانیش لێکوڵینەوەیەکی ئێجگار زۆری کردووە، ھەندێک لە بەرھەمەکانی یاقووتی بە زمانی کوردی سۆرانیش وەرگێڕاوە. 

یاقووتی، لەلایەن زۆرێک لە نوسەرانی هاوچەرخی ئێرانەوە بە چیخۆفی ئێران ناو دەبرا، چونکە بە ڕستەی کورتی ئەدەبی و شێوازێکی هونەرمەندانە، دوور لە لاسایی کردنەوە، بەرهەمە ئەدەبییەکانی خۆی دادەرشت. 



PM:04:38:28/12/2024