ئەمڕۆ پێنج شەممە، کەسایەتی دیاری میدیای میسری لەیلا ڕۆستەم لە تەمەنی ٨٨ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
لەیلا ڕۆستەم بە (ئایکۆنی ماسپێرۆ و ڕاوچی ناوداران) ناسرابوو، چونکە لە ڕێگەی بەناوبانگترین بەرنامەی (ئەستێرەی دڵخوازت)ەوە میوانداری کەسایەتییە ناودارەکانی میسری و عەرەبی دەکرد لە هەموو بوارەکاندا.
لەیلا لە بەرنامەکەیدا میوانداری زیاتر لە ١٥٠ نووسەر و ڕۆژنامەنووس و هونەرمەندی بەناوبانگی کردووە، وەک تەها حسێن، عەبدولحەلیم حافز و تۆفیق حەکیم.
لەیلا ڕۆستەم لە ساڵی ١٩٣٧ لە دایکبووە، کچی ئەندازیار عەبدولحەمید ڕۆستەمە کە برای بچووکی هونەرمەندی گەورە زەکی ڕۆستەمە.
لەیلا وەک پێشکەشکار لە بەرنامەی ئەوروپی لە ڕادیۆی میسری دەستی بە کاری ڕۆژنامەوانی کردووە، دواتر دوای شەش مانگ ڕووی لە کارەکانی تەلەفزیۆن کردووە.
کۆچکردوو سێ بەرنامەی پێشکەشکرد کە لە گرنگترین بەرنامەکانی تەلەفزیۆنی میسر دادەنرێت، ئەوانیش: (ژووری ڕووناک، بیست پرسیار و ئەستێرەی دڵخوازت).