هۆزان جانێ خانمە هونەرمەندی دیاری باکووری کوردستان نوێترین بەرهەمی خۆی بە ناوی (خانم ئانی) بڵاوکردەوە.
(خانم ئانی) نوێترین ڤیدیۆ کلیپی هۆزان جانێ-یە کە لە ئاوازی هۆزان خۆیەتی، کاری ئەرنجمێنتی لەلایەن میمۆ گوڵەوە ئەنجامدراوە، کاروان محەمەد کاری دەرهێنانی بۆ ئەنجام داوە.
هۆزان جانێ ساڵى ١٩٧١ له شاری ئەرزەڕۆم لە باكورى كوردستان له دایكبووه، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی هەر لەو شارە تەواو کردووە، دواتر دەستی بە کاری هونەری کردووە و بە هاوکاری ژمارەیەک مامۆستا بۆ ماوەی سێ ساڵ خەریکی خوێندنی موزیک بووە، سەرەتایی کاری هونەری هۆزان بە وتنی گۆرانی نیشتیمانی و نەتەوەیی دەستیپێکردووە و تائێستا خاوەنی ١٩ ئەلبووم و بەرهەمی تایبەت بە خۆیەتی، هەروەها لهسهر ئاستى نێودهوڵهتى چهندین جار خهڵاتى وهرگرتووه و ههڵگرى رهگهزنامهى ئهڵمانییه.
لە ماوەکانی ڕابردووشدا هۆزان لە ناوچەی ئەنەزی سەر بە شاری ئەدیرنە لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە "بەتۆمەتی ئەندامێتی لە رێكخستن و بانگەشە و هاوكاری پەكەكە" دەستگیرکرا و دواتر لە دادگای سزا قورسەکانی ئەدرنە بە سێ ساڵ و ١٥ رۆژ زیندانیکردن سزادرا.