لە بەنداوی تشرین هونەرمەندێکی کورد بە بۆردومانی تورکیا گیانی لەدەستدا

جومعە خەلیل ئیبراهیم ناسراو بە (باڤێ تاهیر)، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە بەهۆی سەختی برینەکانی گیانی لەدەستدا کە دوێنێ لە هێرشێکی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر بەنداوی تشرین کرایە ئامانج و بە سەختی بریندارکرا. 

ئاژانسی هاوار نیوز لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە" پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شانۆی کوردی پایەیەکی شانۆی کوردی و کوردستانی لەدەستدا و باڤێ تاهیر کە زیاتر لە سێ دەیە خزمەتی هونەر و شانۆی کوردی کردووە، لە ئەنجامی سەختی برینەکانی کە دوێنێ لە هێرشەکەی تورکیا کرایە ئامانج لە بەنداوی تشرین گیانی لەدەستدا". 

جومعە خەلیل ئیبراهیم ​​ناسراو بە باڤێ تاهیر لە ساڵی ١٩٥٧ لە شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان لە دایکبووە، مێژوویەکی دوور و درێژی لە شانۆی کوردیدا هەیە، لە ساڵانی نەوەدەکانەوە تا ئێستا سەدان شانۆنامەی ئامادە کردووە کە بەردەوام بەرگری لە نیشتمان و دۆزی کورد کردووە. 

هەروەها باوکی باڤێ تاهیر لە یەکێک لە زیندانەکانی تورکیا ماوەی چەند ساڵێکە دەستگیرکراوە و برایەکیش لە بزووتنەوەی کۆمەڵگەی دیموکرات شەهید بووە. 

هەروەها ڕۆژی ١٧ی ئەم مانگە باڤێ تاهیر لەگەڵ ژمارەیەک هاوکار و هاوڕێیانی بەرەو بەنداوی تشرین ڕۆیشتن و لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا جەختی لەوە کردەوە کە" بەرەو بەنداوی تشرین خەباتێکە"، و لە پێناوی دۆزی گەلدا لە سەرتاسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا خەباتی کرد. 

ئەمەش لە کاتێکدایە، هەر دوێنێ مەنیجە حاجۆ حەیدەر ئەندامی ئەنجوومەنی گشتی پارتی (پەیەدە) و هاوسەرۆکی بارەگای قامیشلۆ و چوار هاوڵاتی دیکە بە ناوەکانی (ئەکرەم ڕاخۆ، کەیفۆ عوسمان، موزەفەر محمد، و عەبدولقادر ئیبراهیم)، لە ئەنجامی بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکیا گیانیان لەدەستدا. 



PM:05:04:19/01/2025