گۆرانیبێژی دیاری شاری دهۆک ژینێ ئەتروشی لەلایەن ژمارەیەک پارێزەری شاری دهۆکەوە سکاڵایی یاسایی لەسەر تۆمارکرا.
دوێنێ سێشەممە لە دادگای دهۆك لەلایەن ژمارەیەک پارێزەری شارەکەوە سکاڵایی یاسایی دژی ژینێ ئەتروشی بە تۆمەتی "سوکایەتیکردن بە مامۆستای ئایینی و بێڕێزیکردن بە پیاوان" تۆمارکرا.
تۆمارکردنی ئەو سکاڵایە لە کاتێکدایە، هەفتەی ڕابردوو لێدوانێکی ژینێ ئەتروشی گۆرانیبێژ لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاردانەوەی فراوانی بە دوای خۆیدا هێنا کە تێیدا ڕایگەیاندبوو" لە کۆمەڵگا ژن یەکەم شتە دواتر منداڵ پاشان سەگ ئینجا پیاو".
پاش ئەو پەیامەی ژینێ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" لەسەر مینبەرەوە لەلایەن ژمارەیەک مامۆستایانی ئاینی-یەوە هەڕەشەم لێدەکەن، بەوهۆیەوە لە دادگای دهۆک سکاڵای یاساییم تۆمارکردووە".
وتیشی" دەبێت سنووریان بۆ دابنرێت و سەربەخۆ قسە لەسەر بابەتێک نەکەن کە زانیارییان نییە، هەروەها دەبێت ئەو کەسانە لە وتاربێژی دووربخرێنەوە".
ژینی ئەتروشی ساڵی (١٩٩٨) لە دایكبووە، خەڵکی شاری دهۆکە، بەڵام لە وڵاتی نەرویج گەورە بووە، ماوەی چەند ساڵێکە دەستی بە کاری هونەری کردووە و خاوەنی چەند گۆرانییەکە.