ئەمڕۆ یەکشەممە ٩ی شوباتی ٢٠٢٥ ئینجی موراد خانمە هونەرمەندی بەناوبانگی سووریا، بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد.
سەندیکای هونەرمەندانی سووریا، ئەمڕۆ لە پرسەنامەیەکدا ماتەمینییان بۆ ئەو هونەرمەندە گەنجە بە ناوی ئینجی موراد ڕاگەیاند کە دوای ئەوەی تووشی نەخۆشییەک بوو کە بووە هۆی ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە نەخۆشخانە بخەوێنرێت، ئەمڕۆ کۆچی دوایی کرد.
لای خۆشیەوە دایکی ئەو هونەرمەندە گەنجە پۆستێکی ماتەمینی بۆ کچەکەی بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد کە کچەکەی لە کاتی لەدایکبوونی منداڵەکەیدا تووشی نەخۆشییەک بووە، ئەمڕۆش دوای چەندین ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە و ململانێ لەگەڵ نەخۆشییەکەیدا گیانی لەدەستداوە.
هەروەها ئینجی مورادی کۆچکردوو نزیکەی دوو هەفتە پێش ئێستا بە ڕاگەیاندنی تێکچوونی باری تەندروستی، هەوادارەکانی تووشی سەرسوڕمان کرد، هەروەها داوای نزای خێری لە فانەکانی کرد.
پێشتریش ماڵپەڕە هەواڵییەکان ڕایانگەیاندبوو کە ئینجی بەدەست کاردانەوەی ڤایرۆسی سییەکانییەوە دەناڵێنێت کە بووەتە هۆی تێکچوونی تەندروستی.
ئینجی موراد هونەرمەندێکی بەناوبانگی سووریە و شاجوانی ساڵی ٢٠١٧ی ئاسیایە و تەمەنی ٣٣ ساڵە، هەروەها لە چەندین زنجیرە درامای سوریادا دەرکەوتووە وەک (سیمپلی، ئەل حەرەملک، ئەهلی وەفا و ئەتر ئەلشام).