شاکیرا گۆرانیبێژ و ئەستێرەی پۆپی کۆلۆمبیا، دوای ئەوەی بەهۆی نەخۆشییەکی سکیەوە لە نەخۆشخانە خەوێندرابوو، کۆنسێرتێکی لە شاری لیما هەڵوەشاندەوە.
شاکیرا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام و ئێکس بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند" ئێستا لە نەخۆشخانەیە و پزیشکەکان ئاگاداریان کردووەتەوە کە بارودۆخی ڕێگەی پێنادات لەسەر شانۆ نمایش بکات".
ئەو خانمە دەڵێت" زۆر دڵتەنگم کە ئەمڕۆ ناتوانم بچمە سەر شانۆ، زۆر بە پەرۆش و سۆزدار بووم کە هاندەرە خۆشەویستەکانم لە پیرۆ ناسی".
شاکیرا ئێوارەی ڕۆژی هەینی گەیشتە وڵاتی پیرۆ و بڕیاربوو ڕۆژانی یەکشەممە و دووشەممە دوو کۆنسێرت ئەنجام بدات کە لەلایەن هاندەرانی لاتینییەوە پێشوازییەکی گەرمی لێکرا و جەماوەرێکی زۆر لە فڕۆکەخانە کۆبوونەوە و سڵاویان لێکرد، ڕۆژی شەممە لە ئینستاگرام شاکیرا دەربارەی ئەو پێشوازییە وتی" سوپاس بۆ ئەم پێشوازییە سۆزدارییە لیما".
شاکیرا لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردووە، هیوادارە بەمزووانە چاکببێتەوە و ئاماژەی بەوەشکردووە، پلانی ئەوەیە بە زووترین کات ئەم نمایشە پێشکەش بکات، تیمەکەی و ڕێکخەران لە ئێستاوە کار لەسەر وادەیەکی نوێ دەکەن.
شاکیرا ناوی تهواوی شاکیرا ئیسابێل مێباراک ڕیپۆڵ، له ساڵی ١٩٧٧ له کۆلۆمبیا له دایکبووه، خاوهنی ههشت خوشک و برایه و شاکیرا بچوکترینیانه، باوکی شەکیرا بەڕەگەز لوبنانیە.
شاکیرا سهماکار و گۆرانیبێژ، خاوەنی حەوت خەڵاتی گرامی لاتینی و ١٢ خهڵاتی بیلبۆردی لاتینیە، له تهمهنی ١٣ ساڵیدا یهکهم ئهلبومی خۆی تۆمار کردووە.
شاکیرا پێشتر لەگەڵ پێكی یاریزانی بەرشلۆنە و هەڵبژاردەی ئیسپانیا ژیانی هاوسەرگیری پێکهێنا و خاوەنی دوو منداڵە، بەڵام دوای ١٢ ساڵ لە پەیوەندی نێوانیان، هەواڵی جیابوونەوەیان راگەیاند.