هونەرمەندێکی کورد کۆچی دوایی کرد

هونەرمەندی موزیکژەنی دیاری کورد ڕەشید سۆفی دوای ململانێ لەگەڵ نەخۆشی کۆچی دوایی کرد. 

ئاژانسی (هاوار نیوز) لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە" دوێنێ دووشەممە هونەرمەند و میوزیکژەنی کورد ڕەشید سۆفی کە بە یەکێک لە پایەکانی هونەر و مۆسیقای کولتووری کوردی دادەنرێت، بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد". 

ڕەشید سۆفی ناسراو بە (شازادەی عود) ساڵی (١٩٥٣) لە شاری کۆبانێی ڕۆژئاوای کوردستان لە دایکبووە و لە خێزانێکی ئایینی گەورە بووە، بەڵام ڕێبازی مۆسیقای هەڵبژاردووە، لە ساڵی (١٩٧٠) دەستی بە ژیانی هونەری کردووە.

ڕەشید سۆفی بە (شازادەی عود) ناسرابوو، بەو پێیەی لێهاتووی زۆری لە ژەنینی ئەم ئامێرەدا هەبووە. 

هەروەها سۆفی بە میلۆدییە جیاوازەکانی ناسراوە کە ناوبانگێکی بەرفراوانی بەدەستهێناوە، وەک (خازیە هێڤی، گۆلێستانە دڵ، جاڤی یارمان). 

هاوکات لە ساڵانی هەشتاکان و نەوەدەکاندا لە تەلەفزیۆنی سوریا کاری کردووە، لەوێ چەندین بەرهەمی هونەری پێشکەشکردووە کە گۆڕەپانی مۆسیقای کوردییان دەوڵەمەندتر کردووە.

ئەو هونەرمەندە کوردە نزیکەی هەفتەیەک پێش ئێستا، بەهۆی تووشبوونی بە نەخۆشی شێرپەنجەی جگەرەوە باری تەندروستی تێکچووە و دوێنێش بووە هۆی گیان لەدەستدانی.



AM:09:20:18/02/2025