بەهۆی نەبوونی مۆڵەتی فەرمی ئەمشەو فەرمانی دەستگیرکردن بۆ شاجوانی هەولێر و شاقۆزی عێراق دەرچوو.
ئەمشەو شەممە میدیای پارتی بڵاویکردەوە" بە تۆمەتی رێکخستنی رێوڕەسمێکی بێ مۆڵەت بۆ هەڵبژاردنی شاجوان و شاقۆزی هەولێر و عێراق لەلایەن ژمارەیەک عەرەبی بەغدا و خوارووی عێراقەوە، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ شاجوان و شاقۆز دەرچووە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، جودی سوڵتان کە وەک شاجوانی هەولێر هەڵبژێردراوە بەرەو ئەنبار هەڵاتووە و شاقۆزەکەی عێراقیش بۆ زیقار هەڵاتووە.
میدیای پارتی ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا ئاسایشی هەولێر دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە و بەدوایاندا دەگەڕێت تاوەکو دەستگیریان بکات، چونکە بەبێ مۆڵەت و بێ ئاگاداری قایمقامییەت و دوور لە چاودێری دەستەی گەشتوگوزاری هەولێر ئەو ڕێوڕەسمە بەڕێوەچووە.
باسی لەوەشکردووە، ئەو هۆتێلەی شاجوان و شاقۆزی تێدا هەڵبژێردراوە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر و دادەخرێت.
بەپێی زانیارییەکان، هۆڵی هۆتێل ڕامادا ئەو هۆڵەی ئاهەنگی تێیدا سازدەکرێت لە ئێستادا بە فەرمانی هێزە ئەمنییەکان داخراوە.
چاودێران ئاماژە بەوەدەکەن کە مایەی سەرسوڕمانە مەراسیمێکی وا گەورە لە هەولێر بەڕێوەبچێت کە نزیکی هەزار و ٥٠٠ کەس تێیدا بەشدار بوون، ئاسایش ئاگاداری چالاکییەکە نەبێت و دوای سێ ڕۆژ فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەربکات.