دیا جوان نوسەر و شاعیری دیاری ڕۆژئاوای کوردستان کۆچی دوایی کرد

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٦ی شوباتی ٢٠٢٥ دیا جوان خانمە نوسەر و شاعیری دیاری کورد بە نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.

زەینەب مەلا ئەحمەد ناسراو بە دیا جوان نوسەر و شاعیری دیاری ڕۆژئاوای کوردستان ئەمڕۆ، بەهۆی نەخۆشییەوە لە سنوری پارێزگای دهۆک لە تەمەنی ٧٣ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

دیا جوان لە ساڵی ١٩٥٣دا لە دایکبووە، دایکی شەش منداڵە، ساڵی ١٩٧٧ دەستی بە نوسین کردووە و چەندین شیعر و چیرۆکی خۆی بە زمانی کوردی نوسیوە، هەروەها ژمارەیەک لە بەرهەمەکانی بە زمانی عەرەبی وەرگێڕدراون.

هاوکات بە دەیان خەڵات و ڕێزلێنانی لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان بەدەستهێناوە کە دیارترینیان مەدالیای زێڕ و بڕوانامەی پێزانینی وەزارەتی ڕۆشنبیری لە هەرێمی کوردستان بوو، هەروەها خەڵاتی فێستیڤاڵی ژنانی داهێنەر لە کۆڕبەندی ژنانی داهێنەری عەرەبی لە تونس لە ساڵی ٢٠٠١دا. گرنگترین بەرهەمەکانی دیا جوان کە بڵاوکراونەتەوە بریتین لە (شەپۆلێک لە دەریای خەمەکانمەوە - ١٩٩٢، فرمێسکی یاخیبوو - ١٩٩٨، بازبەند - ١٩٩٩ و فرمێسکی وشک – ٢٠٠٣).




PM:09:58:26/02/2025