گۆرانیبێژی دیاری کوردستان هانی موجتەهید لەگەڵ سیامەندی کوڕی دەرکەوت و ئاشکرایکرد بەمزوانە پێکەوە کارێکی هونەری دەکەن.
هانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام تازەترین وێنەی خۆی و سیامەندی کوڕی بڵاوکردەوە و لە پۆستێکیشیدا دەڵێت" ماوەیەکە لەگەڵ سیامەند کار لەسەر پرۆژەیەک دەکەین کە بریتین لە ئەلبومێک و زنجیرە کۆنسێرتێک و بە شانازییەوە هەوڵ دەدەین کوالیتییەکی شایستەی مۆسیقا و کولتوری کوردی پێشکەش بکەین".
هانی لە ساڵی (١٩٨٠) لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە، لە قۆناغی سەرەتاییەوە هەر لەو شارە خوێندویەتی تا گەورە بووە، لە ساڵی ٢٠٠٠ەوە دەستی بە گۆرانی وتن کردووە، هەر لە ساڵی ٢٠٠٤ چووە بۆ ئەڵمانیا و لەوێ نیشتەجێ بووە، خاوەنی دوو ئەلبوومی گۆرانییە بەناوەکانی "ساندرێلا و دایک"، هەرەوەها بەشداری لە چەندین فیستیڤاڵی جیهانی کردووە و چەندین کۆنسێرتی لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان ئەنجام داوە.