هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد فرمێسك حافیز بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و بەهار پەیامێکی ڤیدیۆی بڵاوکردەوە و دەڵێت" نەورۆز و بەهار تەنها گۆڕانی وەرز نییە، دەرفەتێکە بۆ نوێکردنەوەی دڵەکان و هیواکان".
خانمە هونەرمەندی ڕۆژهەڵاتی کوردستان فرمێسك لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئینستاگرام تۆمارێکی ڤیدیۆی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند" لەگەڵ هاتنی بەهاردا زەوی جلە کۆنەکانی دەڕێژێت و دووبارە سەوز و زیندوو دەبێتەوە، نەورۆز تەنها گۆڕانی وەرز نییە، بەڵکو دەرفەتێکە بۆ نوێکردنەوەی دڵەکان و نوێکردنەوەی هیواکان و سەرلەنوێ دەستپێکردنەوە بە میهرەبانی و خۆشەویستی".
فرمێسک ڕاشیگەیاندووە" لەم بەهارە خۆشەدا، هیوای ڕۆژانی پڕ لە خۆشی و ئارامی و سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم، زەردەخەنەی سەر لێوەکانت و ڕووناکی ناو دڵت و خۆشەویستی ناو ڕۆحت بە هەتاهەتایی بمێنێتەوە".
فرمێسک خەڵکی شاری مەهاباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، خاوەنی چەندین گۆرانی و کلیپە، دوای بڵاوکردنەوەی کلیپی یەکەمی بە ناوی (مەی) توانی هەوادارێکی زۆر بەدەستبهێنێت و دواتریش چەندین بەرهەم و ڤیدیۆ کلیپی دیکەی بڵاوکردەوە.