وێنە.. هانی لە ئەڵمانیا ئاهەنگێکی گێڕا

گۆرانیبێژی دیاری کوردستان هانی لە وڵاتی ئەڵمانیا بە بۆنەوەی نەورۆزەوە ئاهەنگێکی سازکرد. 

هانی موجتەهیدی لەگەڵ بڵاوکردنەوەی وێنە نوێکانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام لە پۆستێکدا ڕایگەیاندووە" نەورۆزی ئەمساڵ لە شاری کۆڵن بۆ من زۆر تایبەت بوو، بۆ یەکەمجار بینیم کوردانی هەموو ناوچەکان پێکەوە ئاهەنگیان گێڕا". 

هەروەها هانی دەشڵێت" وەک هونەرمەندێک و یەکێک لە خەڵکەکە شانازییەک بوو کە بەشێک بووم لەم فێستیڤاڵە ڕەنگاو ڕەنگە و هیوادارم ئەم ڕەنگاوڕەنگییە بەردەوام بێت، لە هەر شوێنێک بم، بە ئازادی هەوڵ بۆ ئەم هەمەچەشنییە دەدەم و بەشداری خۆم دەکەم، هیوادارم هەموو ڕۆژێک نەورۆزتان بێت". 

هانی لە ساڵی (١٩٨٠) لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە، لە قۆناغی سەرەتاییەوە هەر لەو شارە خوێندویەتی تا گەورە بووە، لە ساڵی ٢٠٠٠ەوە دەستی بە گۆرانی وتن کردووە، هەر لە ساڵی ٢٠٠٤ چووە بۆ ئەڵمانیا و لەوێ نیشتەجێ بووە، خاوەنی دوو ئەلبوومی گۆرانییە بەناوەکانی "ساندرێلا و دایک"، هەرەوەها بەشداری لە چەندین فیستیڤاڵی جیهانی کردووە و چەندین کۆنسێرتی لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان ئەنجام داوە.



PM:05:00:28/03/2025