"بە تۆمەتی سوکایەتیکردن بە ئەردۆغان" شاجوانی تورکیا دەستگیرکرا

دەسەڵاتدارانی تورکیا شاجوانی وڵاتەکەیان ساڵی ٢٠٠٩ بەناوی (بانو ئۆزتورک) دەستگیرکرد، ئەمەش دوای بڕیارێکی داواکاری گشتی بەیکۆز.

بەپێی هەواڵی میدیاکانی تورکیا، مۆدێل بانو ئۆزتورک کە لە ساڵی ٢٠٠٩ نازناوی شاجوانی تورکیای بەدەستهێناوە، بە تۆمەتی سوکایەتیکردن بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە سۆشیال میدیا، دەستگیرکراوە و لە ئێستادا لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.

بانو ئۆزتورک کە بە گرتەیەکی ڤیدیۆی گەیشتنی پۆلیس بۆ ماڵەکەی خۆی بەڵگەی لەسەر تۆمارکردووە، دەڵێت" بڕیارە دەرگاکەم بشکێنن بۆ ئەوەی دەستگیرم بکەن، هەوڵدەدەن بچنە ناو دەرگاکەم و بمبەن، چونکە سوکایەتیم بە سەرۆک کۆمار کردووە".

بانو ئۆزتورک لە ٧ی ئازاری ١٩٨٥ لە دایکبووە، دوای تەواوکردنی زانکۆی فلۆریدای نێودەوڵەتی، لە ئەمریکا شانۆ و مۆسیقا و سەمای خوێندووە، ئۆزتورک لە ساڵی ٢٠٠٩ وەک شاجوانی تورکیا هەڵبژێردرا، لە ژیانی هونەریدا بەشداری لە زنجیرە تەلەفزیۆنیەکان کردووە.

بانو ئۆزتورک، کە لە ساڵی ٢٠١٤ لەگەڵ بازرگان ئیسماعیل ئاکای هاوسەرگیری کردووە، لەم هاوسەرگیرییە کوڕێکی بووە، و لە ساڵی ٢٠١٧ جیابوونەتەوە.



PM:06:41:28/03/2025