وێنە و ڤیدیۆ.. هونەرمەندێک لەسەر ستەیجی گۆرانی وتن گیانی لەدەستدا

هونەرمەندی بەناوبانگی فۆلکلۆری تورکیا ڤۆڵکان کۆناک لە کاتی نمایشکردنی لەسەر شانۆ  کۆچی دوایی کرد.

بەپێی هەواڵی میدیاکانی تورکیا، ڤۆڵکان کۆناک کە بە دەنگە ناوازەکەی و بەشدارییە قوڵەکانی لە مۆسیقای فۆلکلۆری تورکیادا ناسراوە، لە میانی کۆنسێرتێکدا لە شاری ئیسکێلەی قوبرسی تورکیا کەوتە سەر ستەیجەکە و گیانی لەدەستدا.

ئاماژە بەوەشدەکەن، سەرەڕای دەستێوەردانی بەپەلەی تیمی پزیشکی، بەڵام هەوڵەکان بۆ ڕزگارکردنی کۆناک سەرکەوتوو نەبوون.

هەروەها وەزارەتى تەندروستى قوبرسى تورکیا هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و ئاماژەى بەوەکرد، ئەو هونەرمەندە کۆچکردووە دوای کەوتنەخوارەوەی بەخێرایی گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام هەوڵەکانی پزیشکەکان بۆ ڕزگارکردنی سەرکەوتوو نەبوون، دوای ماوەیەکی کەم لە هاتنی ئەو هونەرمەندە بۆ نەخۆشخانە کۆچی دوایی کرد.

ڤۆڵکان کۆناک لە ساڵی ١٩٦٧ لە شاری ترابزۆن لە باکوری تورکیا لە دایکبووە، لە پەیمانگای تەکنیکی ئەستەنبوڵ بۆ مۆسیقای تورکی خوێندویەتی، لە ساڵانی نەوەدەکاندا ناوبانگێکی زۆری بەدەستهێنا، بە تایبەتی بە بڵاوکردنەوەی ئەلبومی (ئیڤۆلیم) لە ساڵی ١٩٩٣، ئەلبومی (مۆرا) کە لە ساڵی ٢٠٠٦ بڵاوکرایەوە، هەروەها تابلۆیەکی زێڕینی لەلایەن کۆمەڵەی بەرهەمهێنەرانی تۆمارەکانی تورکیاوە وەرگرت، هاوکات بە (کوڕی باکوور) ناسرابوو.



AM:10:04:02/04/2025