‌ڤیدیۆ.. شه‌هرام نازری نوێترین بەرهەمی بۆ نه‌ورۆز بڵاوكرده‌وه‌

شەهرام نازری هونەرمەندی گۆرانیبێژی دیاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان شاکارێکی نوێی هونەری خۆی پێشکەشی هەوادار و بیسەرەکانی دەکات کە چیرۆکی بەرهەمەکەی باس لە خەم‌ و ئازارەکانی وڵاتەکەی دەکات.

(مامە نەورۆز) نوێترین كاری هونەرمەندی گەورە شەهرامی نازرییە كە بە زمانی فارسی بەرهەمەکەی پێشکەشی هەوادارەکانی کردووە و بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ لە چەناڵی یوتوب بڵاویکردووەتەوە. 

بەرهەمەکەی نازری لە ئاوازی خۆیەتی و موزیکی گۆرانییەکە لەلایەن ژەنیار و موزیکدانەری کورد (تەهمورز پورنازری)ەوە دانراوە و هۆنراوەی گۆرانییەکەش شاعیری لاوی ئێران پوریا سوری نوسیویەتی. 

نازری لەم بەرهەمەیدا باس لە (شەمس‌ و مەولانا) ناكات، بەڵكو چیرۆكی خەم ‌و ئازارەکانی وڵاتەکەی بۆ (عمو نەورۆز) دەگێڕێتەوە كە ڕۆژانە رووبەڕووی هاوڵاتییانی ئێران دەبێتەوە. 

شەهرام نازری ساڵی (١٩٥٠) لە دایکبووە، بە ڕەچەڵەک کوردی خەڵکی کرماشانە کە لە ھەردوو مۆسیقای کوردی و ئێرانیدا کاردەکات.

نازری توانی لە تەمەنی حەوت ساڵیدا یەکەم بەرنامەی ھونەری خۆی لە ڕادیۆی کرماشان پێشکەش بکات، لە تەمەنی (١١) ساڵیشدا توانی چەند بەرنامەیەکی تری مۆسیقی پێشکەش بکات.

هەروەها لەگەڵ مۆسیقازانانی تری ئێرانی وەک جەلیل شەھناز، حوسێن عەلی زادە، جەلال زولفنوون، پەروێز مەشکاتیان، و فەرامەرز پایوەردا بەریەککەوتنی ھەبووە، ھەروەھا لەگەڵ حافزی کوڕیشیدا کاریکردووە، زیاتر بە فارسی گۆرانی وتووە، بەڵام گۆرانی کوردیشی زۆرە.

نازری زیاتر له‌ (٤٠) ئه‌لبومی هونه‌ری بڵاوكردووەته‌وه‌، و ئه‌لبومی (گول سه‌د به‌رگ) یه‌كێك بوو له‌ پڕفرۆشترین كاره‌كانی ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌.

شەهرام نازری خۆی لە چوارچێوەی مۆسیقای کوردی، سونەتی و ئێرانیدا سنووردار نەکردووە، بەڵکو لە بەرهەمەکانیدا کەڵکی لە مۆسیقای رۆژئاوایش وەرگرتووە، هەمیشە هەوڵی نوێگەری داوە.

نارزی خاوەنی (١٢) نازناو و خەڵاتی نێودەوڵەتییە، وەک شواڵیەی ئەدەب و هونەری فەڕەنسا و باشترین هونەرمەندی ئاسیا لە ساڵی (٢٠٠٧) دەستنیشانکراوە، هەروەها ئەنجوومەنی شار و شارەوانی شاری سەن فیەگۆی ئەمریکاش لە هەمان ساڵدا بە ناوی شەهرام نازری ناو ناوە.



AM:09:25:08/04/2025