لە ورمێ نوسەرێکی کورد کۆچی دوایی کرد

شاعیر و نوسەری کوردی ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان عەزیز نیعمەتی ناسراو بە ئاواشینمان کۆچی دوایی کرد. 

عەزیز نیعمەتی ناسراو بە ئاڤاشین لە نەخۆشخانەیەکی ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی ٦٦ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

عەزیز نیعمەتی ساڵی ١٩٥٩ لە گوندی کانی سپی سەر بە شنۆ لە دایکبووە، پێش ئەوەی بچێتە بەر خوێندن، لای مامۆستای ئایینی گوندەکەیان، ماوەی دوو ساڵ قورئانی خوێندووە و دواتر چووەتە بەر خوێندن و پۆلەکانی سەرەتایی لە گوندەکەی تەواوکردووە.

ناوەندی و دواناوەندی لە شنۆ تەواو کردووە، بڕوانامەی دیبلۆمی لە شنۆ وەرگرتووە، دواتر وەک مامۆستا دامەزراوە و وانەی ئینگلیزی وتووەتەوە.

لە پۆلی سێ و چواری سەرەتاییەوە خولیای نوسین و خوێندنەوەی ئەدەبی و هونەری هەبووە و بەشداری لە چالاکییەکان کردووە.

لە ١٩٧٩ تا ١٩٨٠ وەک خوێنەرێک شەیدای خوێندنەوەی ئەدەبیاتی کوردی دەبێت و شیعرەکانی (قانع، هێمن، هەژار و مەلا ئاوارە) دەخوێنێتەوە، هەر لەو سەروبەندەدا چەند هەڵبەستێکی هێمن دەکاتە فارسی.

دواتر دەست بە نوسین دەکات، بە تایبەت لە سەردەمی خزمەتی مامۆستایی لە شاری شنۆ.

پەیوەندی لەگەڵ گۆڤاری سروە دروست دەکات و دەبێتە هاوکاری بەشی کرمانجی گۆڤارەکە، هەندێک چیرۆک و بابەتیش بۆ بەشی سۆرانی گۆڤارەکە وەردەگێڕێت، ئەوە دەبێتە یەکەم وێستگەی نوسین و بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی.

نووسەر و وەرگێڕی کۆچکردوو، لە ماوەی ژیانی نوسینیدا، چەندین وتار و بەرهەمی وەرگێڕراوی بڵاوکردووەتەوە و بەشێک لە دەستنووسەکانی هێشتا چاپنەکراون، لەوانە سەرجەم هەڵبەستەکانی و چەند چیرۆکێکی کوردی کە وەریگێڕاون بۆ فارسی.



PM:08:03:12/04/2025