ماوەی چەند ڕۆژێکە مستەفا ئەحمەد ئەکتەری دیاری کورد لە نەخۆشخانە لە ژێر چاودێری پزیشكیدایە و باری تەندروستی ناجێگیرە.
ناوەندی هونەری زەنێ، ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاویکردەوە" ماوەی دوو ڕۆژە هونەرمەندی گەورە مستەفا ئەحمەد لە نەخۆشخانە لە ژێر چاودێری پزیشکدایە".
ناوەندەکە ڕاشیگەیاندووە" ستافـی ناوەندی هونەری سەردانی هونەرمەند مستەفا ئەحمەدـیان کرد و لە نزیکەوە هەواڵی تەندروستیان پرسی".
ناوندی هونەری زەنێ دەشڵێت"هونەرمەند سوپاسی پەرۆشی خەڵک و جەماوەری هونەردۆستی کوردستان و هەروەها هونەرمەندانی کرد، ئەوەشی ڕاگەیاند پزیشکەکان هەوڵی چارەسەری زۆر باشیان بۆ داوە".
مستەفا ئەحمەد ساڵی (١٩٤٧) لە شارۆچکەی عەربەت لە دایکبووە، تەمەنی دوو ساڵان بووە باوکی کۆچی دوایی کردووە، لە سلێمانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی تەواوکردووە، لە ساڵی (١٩٦٧) ئامادەیی تەواو کرد.
لە ڕێگەی قوتابخانەوە وردە وردە تێکەڵی کاری هونەری بووە، یەکەمجار لە دوای سێی ناوەندی هەوڵیداوە بچێتە پەیمانگای هونەرە جوانەکان، بەڵام بۆی ڕێک نەکەوتووە.
مستەفا ئەحمەد ئەستێرەیەکی ناوداری نواندنی کوردییە و ماوەیەکی زۆر ئەندامی کارای تیپی پێشڕەوی شانۆی کوردی بووە، لە بەرهەمە ناوازەکانی (خولە چەخماخە، لانەوازان، بەرنامەی بەرنامە، کەشکۆڵ، مقۆ مقۆ) و زۆر بەرنامەی دیکە ڕۆڵی سەرەکی هەبووە.
هەروەها بۆ ماوەەیەکیش پێشکەشکاری ڕادیۆ بووە.