شەوی ڕابردوو ڕەمەزان نەجم ئۆمەری هونەرمەندی گۆرانیبێژی ڕۆژئاوای کوردستان بە نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.
درەنگانی شەوی ڕابردوو ئاژانسی هاوار نیوز بڵاویکردەوە" هونەرمەند ڕەمەدان نەجم ئۆمەری کۆچی دوایی کرد، دوای ئەوەی لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ تووشی گیرانی خوێنبەرەکان و جەڵتەی مێشک بوو".
ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیارە تەرمەکەی لە گۆڕستانی شاری ئەلدەرباسیە لە کانتۆنی جەزیرە بەخاک بسپێردرێت.
ڕەمەزان نەجم لە ساڵی ١٩٤١ لە شاری ئەلدەرباسیە لە بنەماڵەیەکی هونەری دیار لە دایکبووە، دایکی گۆرانیبێژی بەناوبانگی حەسینە عومەرییە، باوکی هونەرمەند نەجم عومەرییە، هەروەها خوشکەکانی بە ناوەکانی مەزکین تاهیر و گۆلستان تاهیر گۆرانیبێژ بوون و براکەی شوکری سوباری گۆرانیبێژێکی پیشەگەرە.
ڕەمەزان سەرەتای پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو دەستی بە کاری هونەری کردووە، سەرەتا لە قۆناغی سەرەتاییەوە دەستیپێکردووە، دوای جێهێشتنی قوتابخانە لە قۆناغی ناوەندی فێری ژەنینی عود بووە.
دواتر لە ناوەندی ڕۆشنبیری لە شاری حەلەب، شارەزایی مۆسیقای خۆی قوڵتر کردۆتەوە، لەوێ فێری سۆڵفێج و نۆتەی میوزیک بووە.
ساڵی ١٩٧٠ ڕووی لە لوبنان کردووە و لەوێ پەیوەندی بە تیپی سێرکەفتانەوە کردووە کە لەلایەن هونەرمەند کەمال شانبازەوە دامەزراندووە، لە بەرهەمەکانیدا شانبەشانی کەسایەتییە هونەرییە دیارەکانی وەک محەمەد شێخۆ، مەحمود عەزیز، و ڕەفعەت داری بەشداری کردووە، لەوێدا کۆمەڵێک هونەرمەندی ناوداری سەرتاسەری ناوچەکە ناسی، لەوانە فەرید ئەلعەترەش و محەمەد عارف جەزراوی.
لە چەندین کۆنسێرتی بەناوبانگی وڵاتانی جۆراوجۆری ناوچەکەدا بەشداری کردووە، لەوانە ئوردن، تورکیا، باشووری کوردستان کە پەیوەندییەکی هونەری نزیکی لەگەڵ هونەرمەندانی دیاری وەک عیسا بەرواری، نەسرین شیروانی هەبووە.