خانمە ئەکتەرێکی تورکیا بە چەقۆ هاوڕێکەی دەکوژێت

پۆلیسی تورکیا سێڤیل ئاکداغ، خانمە ئەکتەری بەناوبانگی وڵاتەکەیان دەستگیرکرد، دوای ئەوەی لە شوقەیەکدا لە ناوچەی فاتحی ئەستەنبوڵ بە چەقۆ هاوڕێکەی ئەلیف کیراوی کوشت.

ڕۆژنامەی زەمانی تورکیا، ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاویکردەوە" ئەم تاوانە شەوی ڕابردوو دوای دەمەقاڵەی توندوتیژی نێوان ئەو دوو هاوڕێیە ڕوویداوە و ئاکداغ لە هێرشەکەدا چەقۆی بەکارهێناوە، دوای ئەوەی دەمەقاڵێ لە نێوانیاندا دروستبووە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، سێڤیل ئاکداغ دوای ئەنجامدانی تاوانەکە هەوڵی خۆکوشتنی داوە بە بڕینی مەچەکەکانی و دواتر لە شوێنی ڕووداوەکە هەڵاتووە.

هەروەها ڕۆژنامە باسی لە وردەکاری ڕووداوەکە کردووە و دەڵێت" دوای ئەوەی دراوسێکان پۆلیسیان ئاگادار کردەوە، پۆلیسیش تەرمی ئەلیف کیراویان دۆزیوەتەوە". 

ئەوەشی خستەڕوو، لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە کامێرای چاودێری ئەو ساتەی تۆمەتبارەکە هەڵاتووە و جلوبەرگی ڕەشی لەبەردایە تۆمارکردووە، هەروەها پۆلیسیش شوێنپێی سێڤیل ئاکداغی گرت و لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا لە ناحیەی ئێسێنیورت دەستگیریانکرد. 

ئاکداغ لە کاتی لێکۆڵینەوەکانی پۆلیسدا پشتڕاستیکردەوە کە لە ژێر کاریگەری مەییدا بووە و وردەکارییەکانی ڕووداوەکەی لە بیر نەبووە. 

هەروەها ئاماژەی بەوەکردووە کە شەڕەکە بەبێ هۆکارێکی دیار دەستیپێکردووە و قوربانییەکە دەستیکردووە بە دەستدرێژیکردنە سەری.

باسی لەوەشکردووە، هاوڕێکەی بینیوە کە بێ جووڵە لەسەر زەوی پاڵکەوتووە، بۆیە ترساوە و ڕایکردووە.

لە ئێستادا داواکاری گشتی تورکیا بڕیاریداوە ئەو خانمە ئەکتەرە ڕابگرێت تا لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکرێت. 

سێڤیل ئاکداغ لە ١٩٩٣ لە شاری ماردینی تورکیا لە دایکبووە، پێش ئەوەی روو لە بواری نواندن بکات، کاری مۆدێلی کردووە. 

ئاکداغ بەشداری لە کۆمەڵێک زنجیرە و فیلمی بەناوبانگی تورکیادا کردووە. 



PM:10:01:20/04/2025