خەندان
لەدرێژەی پرۆگرامەكانی عەرەب ئایدڵ شەوی ڕابردوو عەمار كوفی، كوڕە كوردی بەشداربوی ئەم پرۆگرامە سەرنجی دادوەرەكانی ئەم بەرنامەیەی بەلای خوێدا ڕاكێشا بەو گۆرانیانەی كە بەسەركەوتوی پێشكەشی كردن.
وائیل كفوری وەك دادوەرێكی ئەم بەرنامەیە ڕای خۆی لەسەر عەمار دەربڕی و وتی: "هەرجۆرێك گۆرانی دەڵێیت بەتەواوەتی پێم دەگات، گەشەكردنێكی خێرا دەبینم لەدەنگت و ئەو بەرهەمانەی پێشكەشی دەكەیت بەتایبەتی لەم ئەڵقانەی كۆتایدا، وەك ئەوەی تواناكانی خۆت بۆ ئەڵقەكانی كۆتای هەڵگرتوە، ئەمە جۆرێك یاریكردنی زیرەكانەیە،زۆر خۆش گۆرانیت وت و چێژم لەدەنگت وەرگرت".
نانسی عەجرەمیش وتی:"شتێك لەدەنگی تۆدا هەیە دڵ بریندار دەكات، بەڵام بەلایەنە باشەكەی، دەنگت ئەمتوێنێتەوە ئەمە وای كردوە هەرچیەك بڵێیت چێژ بەخش دەبێت، ئەم رێگایەی تۆ گۆرانی پێدەڵێیت من زۆر بەدڵمە، زۆر خێرا دەگەیتە دڵی ئەو كەسەی گوێت بۆ دەگرێت".
حەسەن شافعی وتی: "ئەو گۆرانیەی هەفتەی رابردوو پێشكەشت كردنین بوەتە جێگەی باسی هەموو كەسێك، یەكەم گۆرانی ئەمشەوم بەدڵ نەبوو بەڵام دووەم گۆرانی زۆر سەركەوتوو بویت وەك ئەوەی وائیل دەڵێت لەئەڵقەكانی كۆتایی ئەم پرۆگرامەدا ماسولكەكانی خۆتمان پیشان دەدەیت و تواناكانی خۆت نمایش دەكەیت، ئێستا گەیشتویتەتە ئەو قۆناغەی خۆت بسەلمێنیت و بڵێی من عەمار كوفیم، ئەگەر بەردەوام بەم شێوەیە بمێنیتەوە دڵنیان دەكەم دەگەیتە فاینەڵی پرۆگرامەكە، چونكە ئەو بەرهەمانەی هەڵیدەبژێریت هەمووی لەجێگەی خۆیەتی".
ئەحلام وتی: "یەكەم گۆرانی ئەمشەوم بەدڵ نەبوو بەڵام دووەم گۆرانی كەپێشكەشت كردین زۆر بەتوانا بویت بۆ ئەوەش دەتوانم ئەوەت پێبڵێم تازە كۆن دەسڕێتەوە، دەنگتم زۆر بەدڵە دەبێت هاوڕێكانت كە لەگەڵتا ماون بۆ ئەڵقەكانی كۆتای پرۆگرامەكە زۆر ئاگاداری خۆیان بن لەو پێشكەوتنانەی تۆ كەجار دوای جار پیشانمان دەدەیت، زۆر باش گۆرانیت وت".