شەوی ڕابردوو هونەرمەندی مەقامبێژی خانەقین ستار دەشتی کۆچی دوایی کرد.
کۆچکردوو لە بنەماڵەیەکی هونەری لە دایکبووە و کوڕەزای هونەرمەندی گەورەی کۆچکردوو خوداداد عەلی بووە کە یەکەم کەس بووە لە منداڵیدا بەهرەکەی لە باوەش گرتووە و مەودای دەنگی جیاوازی خۆی ناسیەوە و پێشبینی داهاتووی دیار و بەرچاوی خۆی لە جیهانی هونەر و مەقامدا دەکرد.
هەروەها ستار دەشتی ساڵی ١٩٧٥ لە ڕادیۆی کوردی بەغداد تاقیکردنەوەی دەنگی لەگەڵ هونەرمەندی گەورە عەلی مەردان کردووە، دوای پەسەندکردنی ڕێگەی پێدا چەند بەرهەمێک تۆمار بکات کە ئەمەش بووە هۆی دەستپێکردنی کاری هونەری.
دواتر لەگەڵ چەندین هونەرمەندی دیکەدا کاری کرد و توانیویەتی چەندین گۆرانی بڵاوبکاتەوە و جێپەنجەی خۆی لە نمایشکردنی مەقامە کوردی و عەرەبییەکاندا بەجێهێشت.