MBC لەسەر گۆرانییەكەی پێشمەرگە چییان بە عەمار وتووە؟

عەمار كوفی كوڕە كوردی بەشداربوی پرۆگرامی عەرەب ئایدڵ هۆكاری دەرخستنەوەی لە پرۆگرامە ئاشكرا دەكات.
عەمار كوفی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ڕووداو ئاماژە بەوە دەكات كە سەرپەرشتیارانی كەناڵی MBC ئاگاداریان كردۆتەوە لەوەی ئەو مەقامە بۆ پێشمەرگە نەڵێت، بەڵام ئەو سوربووە لەسەر ئەوەی مەقامەكە بۆ پێشمەرگە بڵێت.
عەمار دەڵێت "وتی ئەو مەقامەم پێباشتر بوو لە سەركەوتنی خۆم، هەرگیز لێِی پەشیمتان نیم"، هەورەها باس لەوەش دەكات كە ناكرێت لە پرۆگرامێكی عەرەبیدا كوردێك ببێتە یەكەم، بۆیە ئەوەش بە هۆكارێكی دیكەی دورخستنەوەی دەزانێت.

دەقی چاوپێكەوتنەكەی عەمار لەگەڵ ڕووداو
عەمار كۆفی، تاكە گەنجە كوردە بەشداربووەكەی بەرنامەی "عەرەب ئایدڵ"ی كەناڵی تەلەڤزیۆنی mbc، دەڵێت پێشبینی كردبوو لە قۆناغی پێش كۆتایی ماڵئاوایی بكات. ئەویش لەبەر دوو هۆكار: یەكەم گۆرانی بۆ پێشمەرگە گوت، كە پێشتر لەلایەن سەرپەرشتیارانی پڕۆگرامەكەوە داوای لێكرابوو ئەو گۆرانییە نەڵێت. دووەمیش بەرنامەكە عەرەبییە و هەر دەبێت عەرەبێك سەربكەوێت. عەمار كۆفی، دوای ماڵئاوایی لە پڕۆگرامەكە لەڕێی تەلەفۆنەوە قسەی بۆ (رووداو) كرد و زانیاری زۆرتری لەبارەی پرۆگرامەكە و هەڵوێستی دادوەرانی بەرنامەكە لە دەركردنی خۆی، ئاشكرا كرد.

رووداو: بۆچی نەگەیشتییە قۆناغی كۆتایی بەرنامەی عەرەب ئایدڵ، بە راستی دەنگت نەهێنا، یان دژایەتییان كردی؟
عەمار كۆفی: شتەكە دیار بوو، پێش ئەوەی گۆرانی "من خەم دەریا" بڵێم  70% دەمزانی كە دەردەكرێم، چونكە ئاگاداریەك بۆ من هات كە ئەو مەقامە نەڵێم، بەڵام گوتم  نەخێر ئەو مەقامە دەڵێم و ئەو قوربانییە دەدەم بۆ وڵاتی خۆم. هەرچەندە دەمزانی لەسەر ئەو مەوالەی بۆ پێشمەرگەم گوت دەردەكرێم، بەڵام ئەو مەوالەم پێ گرنگتر بوو لە سەركەوتنی خۆم.

رووداو: دڵنیایت لەسەر ناوهێنانی پێشمەرگە دەركرایت؟
عەمار كۆفی: من دەیڵێمەوە 70% لەسەر ناوی پێشمەرگە بوو، چونكە پێش ئەوەی ئەو مەقامە بڵێم ئاگادار كرامەوە لە لایەن "mbc"، پێیانگوتم  ئەو مەقامە مەڵێ، من گوتم هەر دەیڵێم، چونكە بۆ من زۆر ناخۆش و شەرمەزاری بوو لە بەرنامەكە بێمە دەرەوە و گۆرانی بۆ پێشمەرگە نەڵێم. ویستم بەو گۆرانییە دڵی خەڵكی وڵاتی خۆم خۆش بكەم، چونكە وڵاتی من بریندارە و زۆر شەهیدی داوە، بۆیە بڕیارم دا ئەو گۆرانییە بڵێم و پێشكەشی كوردستان و شەهیدانی كوردستانی بكەم. من دووپاتیدەكەمەوە ئەگەر ئەو گۆرانییەم بۆ پێشمەرگە نەگوتبا بە دڵنیاییەوە یەكەم دەبووم.

رووداو: پەشیمان نیت؟
عەمار كۆفی: نەخێر، چونكە قوربانیم بۆ وڵاتەكەم دا.

رووداو: نانسی عەجرەم و حەسەن شافعی هاتنە لات، چییان پێگوتی؟
عەمار كۆفی: ئەوان زۆر بێ تاقەت بوون، بۆیە هیچ قسەیەكیان نەكرد، نانسی زۆر دڵگران بوو، لێژنە لەو كاتانە هیچ دەسەڵاتێكی نییە. من و حەسەن شافعی بەیەكەوە لە ژووری ئەو دانیشتین و ئەو گوتی ئێمە بێدەسەڵاتین، لەو كاتانە ناتوانین هیچ بكەین، چونكە بەس لێژنەین، بەڵام من دەمەوێت پشتگیریت بكەم، ئەو زۆر دڵی منی دایەوە و زۆریش دڵخۆش بووم و منیش دەمزانی ئەوان هیچ دەسەڵاتیان نییە.
ئەوەی زۆر گرنگە ئەوەیە كە من وەك كوردێك چوومەتە نێو پرۆگرامێك بە ناوی عەرەب ئایدڵ و ركابەرایەتی هونەرمەندانی عەرەب دەكەم، ئەوەش بۆ من سەربڵندیە كە لەنێو دەریایەكی عەرەب بتوانم هەتا ئەو قۆناغە بڕۆم. من هیچ تووڕە نیم و زۆریش دڵخۆشم، چونكە من پەیامی خۆم گەیاند، ئەویش ناوهێنانی پێشمەرگە و كوردستان بوو لە بەرنامەكەدا.

رووداو: دادوەرانی بەرنامە لە كاتی بەرنامەدا زۆریان بە بەژن و باڵای تۆدا هەڵدەگوت، ئەوان لەو باوەڕەدا بوون تۆ لەو قۆناغەدا ماڵئاواییان لێ بكەی؟
عەمار كۆفی: كاتێك  گۆرانی "خەم دەریا"م گوت، دوای پرۆگرامەكە وائیل كەفوری پێیگوتم كە تۆ دەبیتە یەكەمی پرۆگرامی عەرەب ئایدڵ، هەروەها گوتی ئەگەر عەمار ئەو نازناوە نەباتەوە ئەوە من زۆر تووڕە دەبم. دواتریش كە لە پرۆگرامەكە دەركرام وائیل كەفوری زۆر زۆر بێزار بوو، زۆر تووڕە بوو، گەیشتە ئەوەی كە گوتی من لەو بەرنامە دەڕۆمە دەرەوە، چونكە تاوانە عەمار دەربكرێت.

رووداو: پەرواز حوسێن تا چەند پشتگیری كردی؟
عەمار كۆفی: زۆر، خەڵكی هاندەدا دەنگم پێبدەن، ئەوە بۆ من جێگای دڵخۆشیە، پشت بە خودا لە داهاتوودا هەوڵدەدەم بەرهەمێك بە یەكەوە دروستبكەین. هەروەها دەمەوێت سوپاسی خەڵكی كوردستان بكەم كە زۆر پشتگیرییان كردم، ئەگەر لەبەر گرێبەستی بەرنامەكە نەبووایە كە دەبێت تاوەكو كۆتایی بمێنینەوە، هەر ئێستا دەگەڕامەوە كوردستان.

رووداو: دەنگی تۆ زۆر نزیكە لە دەنگی كازم ساهیر، ئایا پەیوەندی پێوە نەكردی و پشتگیری نەكردی؟
عەمار كۆفی: بەداخەوە لە ماوەی رابردوو برایەكی كۆچی دوایی كرد، ئاگاداریشم كە دووركەوتووەتەوە لە كاری هونەری و هیچ ئاگاداری ئەم بەرنامەیە نییە. دیارە چانسم نەبوو گوێی لە دەنگی من بێت. بەس ئاگادارم بەڕێوەبەری كارەكانی كازم ساهیر كچێكە لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك گۆرانی "مدرسە الحب"ی پۆست كردبوو، لەژێری نووسیویەتی یەكەم كەسە كە دەتوانێت گۆرانی كازم ساهیر بەو شێوەیە بڵێت، ئەوەش دڵخۆشی كردم.

رووداو: بەشداربووانی پرۆگرامەكە چۆن بوون لەگەڵت، بە تایبەتی كە دەیانزانی تۆ كوردی؟
عەمار كۆفی: هەموویان زۆر باشبوون لەگەڵم و زۆر رێزیان لێدەنام. ركابەری ئێمەش ركابەرییەكی شەریفانە بوو، دوور لە رەگەزپەرستی و خۆپەرستی بوو.  

رووداو: پرۆگرامێك ناوی عەرەب ئایدڵ بێت، پێتوایە كوردێك تێیدا براوە بێت؟ 
عەمار كۆفی: نەخێر زۆر زەحمەتە كوردێك بكەنە ئایدڵ، چونكە یاسای ئەوان عەرەب ئایدڵە، بۆیە دەڵێم زۆر زەحمەتە، بەڵام ئەوانە سەرەتا كە گوتیان ئەو مەقامە مەڵێ و تۆ وەك كوردێكی عێراقی بەشداریت كردووە، من گوتم نەخێر من ئەو مەقامە هەر دەڵێم و دڵنیاش بووم كە دەردەكرێم.

رووداو: چەند دەنگت پێویست بوو بۆ سەركەوتن؟
عەمار كۆفی: ئەوان بە ئێمە ناڵێن كە چەند دەنگت هێناوە، بەڵام دڵنیام دەنگێكی زۆرم بۆ هاتووە. لەبەرئەوەی من كوڕە كوردم، ناهێڵن من بگەمە كۆتایی، ئەم مەقامەش هۆكاری سەرەكی بوو كە نەگەمە قۆناغەكانی كۆتایی.

رووداو: مەلایەك كە برادەری باوكتە داوای كردبوو لەو بەرنامەیە بكشێیتەوە، تۆ وەڵامت بۆ ئەو مەلایە چییە؟
عەمار كۆفی: من زۆر رێزم بۆ ئەو مامۆستایە هەیە، ئەو برادەری باوكمە، من پێشتر قورئان و ئەحكامی تەجویدم خوێندووە و چەند سورەتێكی قورئان بە دەنگی من هەیە، ئەویش نەسیحەتێكی كردووم سوپاسی دەكەم. بەس هونەری من هونەرێكی خاوێنە و وەكو هونەری هیچ كەسێكی دیكە نییە.

رووداو: پەرواز لە فیناڵی وەرزی رابردووی پڕۆگرامەكەدا بەشداری كرد و ئاڵای كوردستانی بەرزكردەوە، ئایا تۆ ئەمە دەكەی؟
عەمار كۆفی: هەوڵدەدەم بە جلی كوردی و ئاڵای كوردستانەوە بێمە سەر تەختەی شانۆ، بەڵام دڵنیام كە ئەوان قەبووڵی ناكەن، نەك من بەڵكو هەموو بەشداربووانی دیكە بۆیان نییە ئاڵای وڵاتی خۆیان بێننە سەر ستەیج.

رووداو: ئەو بەشداربووەی لەگەڵ تۆ مایەوە شایستەی ئەو قۆناغە بوو؟ پێتوایە خەڵك دەنگی پێدابێت؟
عەمار كۆفی: دیارە كە غەدر لە من كراوە، بۆ نموونە وێنەیەكی من لە پەیجی عەرەب ئایدڵ دادەنرا 100 هەزار لایكی بۆ دەهات، بەڵام بەشداربووەكانی دیكە هەر 10 هەزار لایكێكیان بۆ دەهات.




PM:03:05:08/12/2014