هونەرمەندی دیاری باکوری کوردستان مەم ئارارات نوێترین کاری هونەری بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ بڵاوکردەوە.
(شیرەتا دل) نوێترین کاری مەم ئاراراتە لە چەناڵی یوتوبی تایبەتی خۆی بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ بڵاویکردووەتەوە.
ئەم بەرهەمە نوێیە لە تێكست و ئاواز و دابەشکردنی میوزیکی مەم ئارارات خۆیەتی و كاری میكس و ماسترینگی لەلایەن نیهاد جەمشەری بۆ كراوە، هەروەها لەلایەن رۆبین كاری دەرهێنانی بۆ كراوە و تێیدا کچ و کوڕێکی گەنج لە کاتی خۆرائابوون سەما و هەڵپەڕکێی کوردی دەکەن.
مەم ئارارات ساڵی ١٩٨١ لە گوندی گركێ شێخێ لە ناوچەی دێركی چیای مازی لە مێردینی باكوری كوردستان لە دایكبووە، یەكەم ئەلبومی گۆرانی بە پاڵپشتی هاوڕێكانی بەناوی (قولنگ ئەور و باران) لە ساڵی ٢٠١٣ بڵاوكردەوە.
هەروەها مەم ئارارات بە دەنگە خۆشەکەی ستایلێكی تایبەتی داوەتە موزیكی كوردی، كاتێك حەوت ساڵان بوو، خێزانەكەی لەبەر ڕەوشی ئابووری لە مێردینەوە كۆچیان كرد بۆ شارەكانی تر.
هەر لە تەمەنی منداڵییەوە حەزی بە موزیك بووە، بەڵام بەهۆی سەختی ژیانی خانەوادەکەی درەنگ دەستی بە کاری هونەری کردووە، بەڵام لە ئێستادا یەكێكە لە درەوشاوەترین هونەرمەندانی كورد.
مەم ساڵانە چەند كۆنسێرتێك لە شارەكانی باكور، توركیا و دەرەوە ساز دەکات کە زۆرترین بینەر و گوێگری لە هەر چوار پارچەی كوردستاندا هەیە.