هونەرمەند، ئەنوەر قەرەداغی، دوای بەشداریکردنی لە ئاهەنگێکدا، دەڵێت " نەدەبو بەو شێوازە مامەڵەم لەگەڵدا بکەن و لەژێر پەردەی چالاکییەکی هونەرییەوە بمخەنە ناو داوی چالاکیێکی حزبی و بابەتەکە بە سیاسی بکەن".
چوار شەممە، ٢٤ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، ئەنوەر قەرەداغی، هونەرمەندی ئاوازدانەر و میوزیکژەنی کوردستان، ڕونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند "چەند رۆژێک لەمەوبەر پەیوەندیی بە بەندەوە کرا کە تیپی میوزیکی سنە لە ئیدارەی راپەرین ئاهەنگێکی جەماوەری ئەنجام دەدەن و پێمان خۆشە بەشداری لەئاهەنگەکەدا بکەیت، منیش وەک هەمیشە کە پەیوەندیێکی باشم لەگەڵ ئەو تیپەدا هەیە و لە هەمو چالاکییە هونەرییەکانیان لە باشوری کوردستان بەشداریم کردوە و کە سەردانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش دەکەم ئەوان بەپیرمەوە دێن، بۆیە بەخۆشحاڵییەوە رویشتم بۆ بینینیان و بەشداریکردن لە ئاهەنگەکەدا".
لەبارەی ڕێکخەرانی ئاهەنگەکە و بڵاوکردنەوەی هەواڵی بەشداریکردنەکەی ئەنوەر قەردەاغی وتویەتی "کاتێ گەیشتمە شوێنی ئاهەنگەکە، حەپەسام کە بینیم ئاهەنگێکی سیاسی و حزبییە و بۆ تەمەن و پێگەم جوان نەبو ئاهەنگەکە بەجێبێڵم، بۆیە وتم بەمنتان نەوتوە کە ئاهەنگەکە حزبییە. لەوەش ناخۆشتر بڵاوکردنەوەی هەواڵەکەیان بوە".
ئەنوەر محەمەد ئەمین، ناسراو بە ئەنوەر قەرەداغی، لە ساڵی ١٩٤٦ لە سلێمانی لە دایکبوە، یەکێک بوە لە دامەزرێنەرانی تیپی مۆسیقای سلێمانی و ئاوازی بۆ دەیان گۆرانی و سرودی نیشتمانی داناوە و بۆ ماوەیەکی درێژ مامۆستای میوزیک بوە.