کەیهان کەلهور پشتیوانی خۆپیشاندەرانی ئێران دەکات


هونەرمەندی ناسراوی کورد، کەیهان کەلهور، بۆ پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت "بۆ ماوەی نزیکەی چوار دەیە، کەمانچەکەم گریاوە بەسەر تابووتی ئازیزترین کەسەکانمدا".

هونەرمەندی موزیکژەنی کورد کەیهان کەلهور لە ستۆری ئینستاگرامەکەی یەک شەممە، ١١ کانوونی دووەم ٢٠٢٦،  پەیامێکی بڵاوکردوەتەوە و ڕایگەیاندوە "ئەمڕۆ داوا لە هەموو موزیکژەنەکان دەکەم، دەنگی خۆیان بخەنە پاڵ دەنگی گەلی ئێران، ئەو گەلەی تەمەنێکە ڕووبەڕووی سوکایەتی، جیاکاری و قوربانیدان بونەتەوە، لەسەر دەستی ڕژێمێک کە هەرگیز هەڵیان نەبژاردوە و تا ئێستا ڕەتی دەکەنەوە".

لە بارەی دۆخی ئێستای خۆپیشاندەرانەوە ئەو هونەرمەندە وتویەتی "ئێستا گەنجانی بێبەرگری لە ئێران ڕووبەڕووی دڕندەیەکی بێوچان دەبنەوە".

لە کۆتایی پەیامەکەیدا کەیهان کەلهور ئاماژە بەوە دەکات "ئەم دڵڕەقیەی کە لە لایەن ڕژێمەوە دەستی پێکردوە، تەواوی شارەکانی وڵاتی گرتوەتەوە".

ڕۆژی ٢٨ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، خۆپیشاندانەکان لە تارانی پایتەختەوە دەستی پێکردوە و تا ئێستا زۆربەی ناوچەکانی گرتوەتەوە، لە بەرامبەردا ڕۆژ بە ڕۆژ دەسەڵاتدارانی ئێران هێرشەکانیان زیاتر دەکەن بۆ سەر خۆپیشاندەران، لەگەڵ ئەوەی هیچ ئامارێکی فەرمی بۆ کوشتنەکان نییە، بە هۆکاری بڕینی هێڵەکانی پەیوەندی هیچ زانیاریەک و دیمەنێک لە پێنج شەمەی هەفتەی ڕابردوەوە ناچێتە دەرەوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت ژمارەی کوژراوەکان نزیکەی هەزار کەس و بریندار و دەستگیرکراوەکانیش بێشوماربن. 




PM:04:31:12/01/2026