خانمە هونەرمەند كیژان ئیبراهیم خەیات، لە هەژماری تایبەتی خۆی، ڕەخنەی توند ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان و ڕێکخەرانی ئاهەنگەکان دەکات لە هەرێمی کوردستان و دەپرسێت "کوا هەڵوێستی ئەو گۆرانیبێژە عەرەب و بیانیانەی کە دەهێنرانە کوردستان؟".
ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات کە لە کاتێکدا تێچوویەکی زۆر بۆ ئاهەنگ و کۆنسێرتی هونەرمەندانی نەتەوەکانی دیکە خەرج دەکران، هونەرمەندانی ناوخۆیی فەرامۆش کراون.
دەڵێت'' بەهۆی کەمبایەخی و نەبوونی کارەوە، زۆرێک لە هونەرمەندانی کوردستان ناچار بوون پەنا بۆ کاری دیکە ببەن بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان.''
کێژان ئیبراهیم خەیات، یەکێکە لە دەنگە دیار و ڕەسەنەکانی گۆرانی کوردی و کچی هونەرمەندی کۆچکردوو (ئیبراهیم خەیات)ە. ئەو لە بنەماڵەیەکی هونەرییەوە هاتووە و بە ستایلی تایبەت و دەنگە پڕ لە هەستەکەی ناسراوە. جگە لە گۆرانیگوتن، دەرچووی پەیمانگای هونەرە جوانەکانە و لە چەندین ئۆپێریت و کاری شانۆیی و موزیکیدا بەشداری کردووە، هەمیشە وەک بەرگریکارێک لە ماف و شکۆی هونەرمەندی کورد لە نێوەندەکاندا دەرکەوتووە.