هونەرمەندی گۆرانیبێژ، بۆکان هەورامی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە بارەی پێشکەشکار و بەرنامە و درامای میدیاکانەوە دەڵێت "بەڕاست میدیای کوردی بۆ وایلێهاتووە".
دوو شەممە، ٢٣ شوبات ٢٠٢٦، بۆکان هەورامی، هونەرمەندی گۆرانیبێژ رایگەیاند "رۆژانە هەندێک گرتەی نێو بەرنامەکانیان دەبینم تەریق دەبمەوە ئەو بابەت و قسانە زۆر بێ ئاستن لەگەڵ ڕێزما هێشتا قۆناغی قسەی بازاڕی و قسەی بەر دەرگایان تێنەپەڕاندووە، ئەمە جگه لە مەشغۆڵکردنی خەڵک و ئیشکردن بۆ لایک کۆمێنت هیچ شتێکی تر نییە".
"پاشان ئاساییە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان بێت و بەرنامەت نەبێت باشترە لەوەی شتی بێ کەڵک و دووبارەو بێ سود پێشکەش بکەی تەبعەن ئەم قسە شمولی دراما کاڵ و کرچەکانیش دەکات کە بە پەلە فریای ڕەمەزانی دەخەن کاکە با کاتێکی زۆرتری پێ بچێ و درامایەکی جوانبێت گلەیتان لێ ناکەین" بۆکان هەورامی وا دەڵێت.
لە کۆتایی قسەکانیدا ئەو هونەرمەندە وتویەتی "میدیای کوردی پێشکەشکارەکانی لەسەر بنەمای ناوداری و جوانی ڕوخسار هەڵدەبژێرێت نەک ئەوەی ئەو کەسە ڕاگەیاندنی تەواوکردبێ و کەسێکی بە توانابێت لە بوارەکەیا وەک پێشتر ئاماژەم پێدا گرنگ بینەری هەبێ، با بابەتی سواڵی کۆمێنتیش لەولاوە بوەستێت".