خەدیجە بن قنە كە یەكێكە لە دیارترین بێژەرەكانی كەناڵی الجەزیرە، بە بڵاوكردنەوەی پۆستێك هەرایەكی گەورە دەنێتەوە.
خەدیجە بن قنە كە بە ڕەگەز جەزائیرییە و ماوەی چەندین ساڵە لە كەناڵی الجزیرە كاردەكات و یەكێكە لە ناسراوترین بێژەرەكانی ئەو كەناڵە، لەڕێی پەیجە تایبەتەكەیەوە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیس بووك، وێنەی چەند هونەرمەندێكی سوری بڵاودەكات و كە سەردانی باڵوێزخانەی ڕوسیایان كردووە لە دیمەشق.
بن قنە ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەو پۆستەی لە كەسێكی دیكە وەرگرتووە و تێیدا ڕەخنە ئاڕاستەی ئەو هونەرمەندانە دەكات كە دیارترینیان درید لەحام و ڕەغدەیە دەنوسێت " ئەو هونەرمەندانە سەردانی باڵوێزخانەی ڕوسیایان كردووە بۆ سوپاسكردنی پۆتن كە سوریای داگیر كردووە و منداڵەكانی دەكوژێت".
لای خۆیەوە ڕەغدەی خانمە ئەكتەری ناسراوی سوری ڕەخنەی توندی ئاڕاستەی ئەو بێژەرە كردووە و بە بڵاوكردنەوەی قسەی ناڕاست و تەزویر تۆمەتباری كردووە، باسی لەوەش كردووە كە ئەو وێنەیە هی ساڵی ڕابردووە، كاتێك ئامادەی مەراسیمی سوێند خواردنی بەشار ئەسەد بوون، دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنەكاندا سەركەوتنی بەدەستهێنا.