هونەرمەندی ناسراوی كورد ئەیوب عەلی لەگەڵ دوو هونەرمەندی دیكەی كورد، بەشداری فیستیڤاڵێكی هونەری دەكات كە لە بەرازیل ئەنجام دەدرێت و چەند گۆرانییەكی كوردی پێشكەش دەكات.
ئەیوب عەلی ئاشكرای دەكات كە بۆیەكەمجار چەند هونەرمەندێكی كورد بانگهێشتی دەیەمین فیستیڤاڵی سەما و میوزیكی كراون لە بەرازیل كە بە (Encontro De Musicas E Danças Do Mundo) ناسراو چەندین وڵاتی جیهان بەشداریان تێدا كردووە.
ئەو هونەرمەندە كوردانە بریتی بوون بە میوزسیان هەژار زەهاوی كە سەرپەرشتی كارەكانی كردووە، هەروەها ئەیوب عەلی و ئەرتان تەكین.
ئەو هونەرمەندانە لە فیستیڤاڵەكەدا دوو كۆنسێرتی گۆرانی و موزیكی كوردییان پێشكەش كردووە، هەروەها هەژار زەهاوی لەسەر ئامێری دەف و ریتمی كوردی و هەڵپەڕكێی كوردی و ئەیوب عەلی، لەسەر گۆرانی و مقامە دیارەكانی موزیكی كوردی و ئامێری ساز، ئرتان تەكین، لەسەر ئامێری باڵەبان و زوڕنا، چەند وۆرك شۆپێكیان پێشكەش كردووە.
كارەكانی فیستیڤاڵەكە لە ڕۆژانی 25 بۆ 31ی مانگی ڕابردوو بەڕێوە چووە و چەندین گروپی دیكە كە لە وڵاتانی مەغریب و فەڕەنسا و ئیسرائیل و بەڕازیلەوە، بەشداریان كردووە.