خانمە هونەرمەندەی ناسراوی كورد نیان عەبدوڵا باری تەندروستی ناجێگیرە و پێویستی بە یارمەتی و چارەسەری خێرایە.
هیوای حەلاق شاعیر و هاوسەری هونەرمەند تارا ڕەسوڵ ئاشكرا دەكات كە باری تەندروستی نیان عەبدوڵا ناجێگیرە و توشی نەخۆشی درێژخایەنی وەرەمی منداڵدان بووە و بۆ چارەسەریش پێویستە ڕەوانەی دەرەوەی وڵات بكرێت.
ئەو خانمە هونەرمەندە لەئێستادا بەدەست ئازارێكی زۆرەوە دەناڵێنێت و لەشی توشی ئاوسانێكی زۆر بووە، بەشێوەیەكی بەردەوامیش چارەسەری كیمیاوی بۆ بەكاردەهێنرێت كە نرخی هەر دەرزییەكی (100_200$) ئەو نرخەش لە زیاد بونی بەردەوەمدایە.
هیوا حەلاق ئاماژە بەوە دەكات كە پزیشكەكان بە نیانیان ڕاگەیاندووە كە چارەسەری نەخۆشییەكەی تەنها لە نەخۆشخانەكانی دەرەوەیە، بەڵام تائێستا نە حكومەتی هەرێم و نەوەزارەتی ڕۆشنبیری و نە سەندیكای هونەرمەندان و هیچ لایەنێكی دیكە ئاوڕی لێنەداوەتەوە.
نیان عەبدوڵا چەند مانگێک پێش ئێستا نەشتەرگەرییەکی قورسی بۆ ئەنجامدرا و لەو کاتەشەوە چارەسەری بەردەوام وەردەگرێت.