ئەمڕۆ 11 ساڵ بەسەر كۆچی دوایی خانمە هونەرمەندی گەورەی كورد مەرزییە فەریقی تێپەڕ دەبێت و دڵنیای كچیشی بەم شێوەیە یادی دەكاتەوە.
مەرزییە فەریقی كە یەكێكە لە هونەرمەندە ناسراوەكانی كورد لە 22/5/1958 لە شاری مەریوان لەدایك بووە و پێش ئەوەی ڕێگای خەباتی شاخ بگرێتە بەر وەك مامۆستا كاری كردووە.
فەریقی ساڵی 1977 لەگەڵ ناسری ڕەزازی یەكتر دەناسن و دواتر لە ساڵی 1978 ژیانی هاوسەرگیری پێكدەهێنن و پێكەوە وەك خێزانێكی پێشمەرگە لە شاخەوە لە خەبات بەردەوام دەبن.
ئەم خێزانە دەبنە خاوەنی سێ منداڵ كە كچێك و دوو كوڕن، دواتر لە ساڵی 1984 ڕودەكەنە ئەوروپا و لە سوید ژیان بەسەر دەبەن، لە تاراوگەشە مەرزییە بە هاوكاری هاوسەرەكەی چەندین كاری هونەری ئەنجام دەدات.
ئەو خانمە هونەرمەندە لە ڕۆژی 18/9/2005 لەكاتی ئەنجمدانی نەشتەرگەرییەك لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی ستۆكۆڵهم گیان لەدەست دەدات لەسەر داوای خۆشی تەرمەكەی دەهێنرێتەوە سلێمانی و لە گردی شەهیدان بەخاك دەسپێردرێت.
دڵنیا ڕەزازی لە ساڵیادی كۆچی دوایی دایكیدا لەڕێی پەیجە تایبەتەكەی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیس بووك وێنەیەكی مەرزییەی بڵاوكردۆتەوە و ئاماژەی بەوەش كردووە كە ئەو هەموو كات لەگەڵیدایە و لەدڵیدایە.