ڤیدیۆ...بێژەن پێش پێشكەشكردنی ئەرەب ئایدڵ ئەنجامەكەی ئاشكرا دەكات

هونەرمەندی لاو بێژەن جەزا پێش پێشكەشكردنی ئەڵقەی قۆناغی دووەمی پرۆگرامی ئەرەب ئایدڵ ئەنجامەكەی ئاشكرا دەكات.

بێژەن جەزا كە بەشداری وەرزی چوارەمی پرۆگرامی ئەرەب ئایدڵی كرد و توانی ئەندامانی لیژنەی پرۆگرامەكە سەرسام بكات و سەركەوتن بۆ قۆناغی دووەم مسۆگەر بكات، لە پەیامێكی ڤیدیۆیشدا ئەنجامی قۆناغی دووەم ئاشكرا دەكات كە ڕۆژی هەینی پێشكەش دەكرێت.

بێژەن ئاماژە بەوە دەكەت كە نەیتوانیوە لەو قۆناغەدا سەركەوتن بەدەست بهێنێت و پرۆگرامەكەی جێهێشتووە ، ئەمەش دوای ئەوەی لەگەڵ شەش بەشداربووی دیكەدا خراونەتە گروپێك و گۆرانییەكی تونسیان بۆ دانراوە، تا لەماوەی كەمتر لە 24 كاتژمێردا لەبەری بكەن و ئامادەی بكەن.

ئەو هونەرمەندە دەڵێت "جیاواز لە وەرزەكانی دیكەی پرۆگرامەكە قۆناغی دووەم برابووە دەرەوەی ستۆدیۆی و بۆ سەر شاخێك لە كاتژمێر 4:30 خولەكی بەیانی لە كەشێكی زۆر سارد و بە جلێكی كەمەوە گۆرانییەكەمان وتن بەڵام گروپەكەی ئێمە هیچ كەسێكمان سەرنەكەوتین".

بێژەن جەزا ساڵی 1990 لە سلێمانی لەدایكبووە و خوێندكاری بەشی دەنگی كۆلێژی هونەرە، چەند ساڵێكە دەستی بە كاری هونەری كردووە و خاوەنی چەند كلیپ و گۆرانییەكە.




PM:03:27:01/12/2016